دووەم درێژترین پردی هەڵواسراوی جیهان لە ئەڵمانیا کرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای 7 ساڵ لە پلان و کارکردن، درێژترین پردی هەڵواسراوی ئەڵمانیا و دووەمی جیهان، کرایەوە.
 
ئارنت برونە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پردی هەڵواسراو دەڵێت، "پردەکە زیندووە، دەجووڵێتەوە، کاتێك کە با هەڵدەکات یان خەڵک بەسەریدا دەڕۆن پردەکە دێت و دەڕوات، جگە لەوە دیمەنێكی جوانیشی هەیە".
 
درێژیی پردەکە 665 مەترە؛ 60 مەتر کورتر لە پردێكی هەڵواسراوی چیک. کێشی 125 تۆنە و بەرزییەکەشی 100 مەترە. پردەکە لە ناوچەی پڕ دارستانی هەرێمی هێسینی ناوەڕاستی ئەڵمانیا دروستکراوە؛ لە ئەگەری هەر رووداوێكدا تیمە فریاگوزارییەکان تاقیکردنەوەی رزگارکردنی خەڵکی لەسەر دەکەن.
 
پاسکال وێدە، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا بەم شێوە دراماتیکییە رزگار نەکراوم، ئەم پردە شتێكی سەرنجڕاکێشە".
 
رۆیشتن بەسەر پردەکە بە پارەیە؛ 10 یۆرۆ بۆ هەر کەسێك. هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانی دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە حەز دەکەم تاقی بکەمەوە، پارە دەدەم و تاقیدەکەمەوە؛ بەڵام دەشزانم کە پێویستی بە بوێرییەکی زۆرە".
 
لەسەر ئەو پردە کە پانییەکەی 1.45 مەترە، لە یەک کاتدا 750 کەس دەتوانن لەسەریدا بوەستن.