گەنجێک سەرە بووتڵە فڕێدراوەکان دەکاتە وایەری USB


رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێک لە جۆرجیا سەرە بووتڵە فڕێدراوەکان کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە وایەری یو ئێس بی و دەیانفرۆشێتەوە، بەوەش بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت، نیشتمانەکەی پاک و جوانتر دەبێت و گیرفانیشی پڕتر.
 
ساندرۆ لیلوشاڤیلی، خاوەن بیرۆکەی دروستکردنی وایەری یو ئێس بییە، دەڵێت "بیرۆکەی بەکارهێنانی سەرە بووتڵەکانم بەباش زانی، چونکە لە هەموو شوێنێکدا هەن لە شەقام و دارستانەکان، گوتم ئەمە خەرجیی کەمترە، هەروەها لە رێگەی ئەمەوە خەڵک لە مەترسییەکانی سەر ژینگەمان ئاگادار دەکەمەوە."
 
ساندرۆ تاقیگەیەکی بچووکی لە شارەکەی خۆی کە ناوی تبلیسییە داناوە و بە تەکنەلۆژیایەکی سادە وایەری یو ئێس بی دروست دەکات و لەسەر ئێشە و خەرجی هاوردەکردنی کەرەستەی خاو رزگاری دەبێت.
 
ساندرۆ دەڵێت، "چووم بۆ چین و لەوێ فێری تەکنەلۆژیای دروستکردنی وایەری یو ئێس بی بووم. هەرچی ئامێری پێویست بوو هاوردەم کرد، بەڵام دەبووایە پێکهاتەی پلاستیکیشم هاوردەبکردایە و گوتم ئەمە زیان بە ژینگەی وڵاتەکەم دەگەیێنێت، باشتر وایە لەنێو جۆرجیادا دابینی بکەم".
 
ساندرۆ بازرگانێكی هۆشیارە، لە فەیسبووک رێکلامی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی 50 سەرە بووتڵ بێنە و وایەرێكی یو ئێس بی وەرگرە.
 
لوکا گیڤیمرادێزیش خۆبەخشە و دەڵێت، "لە فەیسبووک رێکلامەکەم بینی کە دەڵێت 50 سەرە بووتڵی کۆن کۆبکەرەوە و وایەرێكی یو ئێس بی وەرگرە، منیش دەستمکرد بە کۆکردنەوەیان".
 
ساندرۆ شوێنی کارەکەی بۆ ناوەندی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە گۆڕانی کەشوهەوا گۆڕیوە؛ لەوێ پێیان دەڵێت، ساڵانە لە جۆرجیا نزیکەی 900 هەزار تۆن پلاستیک فڕێ دەدرێت، کە تەنیا 225 هەزار تۆنی بەکاردەهێندرێتەوە و 675 هەزاری فڕێ دەدرێتە نێو خاک و دەریاکانی.