رووداو - هەولێر
باوکی ئالان کوردی لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەی تەرمی باوک و کچێکی خنکاو لە سنووری مەکسیک هاتەدەنگ و داواش لەو کەسانە دەکات دەیانەوێت بە رێگەی نایاسایی کۆچبکەن، ئەو رێگەیە نەگرنەبەر.
عەبدوڵڵا کوردی، باوکی ئالان کوردی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی بەوە کرد، زۆر دڵتەنگبووە بە بینینی دیمەنی ئەو باوک و منداڵەی لەسەر سنووری مەکسیک لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ ئەورووپا خنکاون.
هاوکات پەیامێکی ئاراستەی وڵاتان کرد و گوتی " ئێمە دەمانەوێت لە ئاشتیدا بژین، داوا لەو وڵاتانە دەکەم کە ئاگری شەڕ خۆشدەکەن لەو کارەیان بوەستن، دەمانەوێت لە ئاشتیدا بژین".
لەبارەی بڵاوبوونەوەی تەرمی باوک و کچێک بە خنکاوی لە کەناراوەکانی سەر سنووری مەکسیک، کوردی رایگەیاند، "وێنەکە زۆر کاری تێکردم، بەڕاستی شەو هەر نەخەوتم، ئەوە ئەو بیرەوەریانەی چوار ساڵ لەمەوبەری بیرخستمەوە کەبەسەر منداڵ و خانەوادەکەم دا هات".
عەبدوڵڵا کوردی داوا لە هەموو ئەو کەسانەش دەکات دەیانەوێت بە ماڵ و منداڵەوە بەرێگەی نایاسایی کۆچبکەن، دەڵێت ئەو رێگە مەترسیدارە نەگرنەبەر.
ئالان کوردی ئەو منداڵە کوردە تەمەن سێ ساڵەبوو کە لە 2ـی سێپتێمبەری 2015 لە کەنارە ئاوییەکانی تورکیا تەرمەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە. بڵاوبوونەوەی وێنەکەشی بە خنکاوی جیهانی هەژاند و ئەو کات بوو بە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان. هاوکات بەدەنگەوەهاتنی بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ