رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 6 تاوەکو 9ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت. 373 ملیۆن کەس بۆ دیاریکردنی 720 کورسیی پەرلەمانەکە مافی دەنگدانیان هەیە. بە گوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، سۆسیال دیموکراتەکان و کریستیان دیموکراتەکانی ئەورووپا "هاوسۆزی گەلی کوردن."
هەریەکە لە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا و محەممەد تانریڤەردی، سیاسەتڤان و شارەزا لە کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە میوانی رووداو بوون، کە هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری رووداو لە ستۆدیۆی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەورووپاوە پێشکێشی کرد.
گرنگیی هەڵبژاردنی ئەمجارەی یەکێتیی ئەورووپا
محەممەد تارنیڤەردی گوتی، "ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو گرنگترە، چونکە چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی ئەمجارەی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بڕیاری گرنگ بدات، ئەوەش لەبەر ئەوەی جەنگەکە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی وزە لە تەواوی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا."
تارنیڤەردی ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا پارتە راستڕۆکان زیاتر دەنگ بهێنن و پێگەیان لەنێو پەرلەمانەکە بەهێزتر بێت.
پارتە راستڕۆکانی ئەورووپا بە دژایەتیکردنی کۆچبەران دەناسرێن و داوا دەکەن ئەورووپا رێکاری تووند دژی کۆچبەران بگرێتەبەر.
لە نیسانی ئەم ساڵ، پەرلەمانی ئەورووپا رێککەوتنی کۆچبەرانی پەسند کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رێکارەکانی وەرگرتن و پێشکێشکردنی داواکاریی مافی پەنابەرێتی تووند دەکرێن.
لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 380 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی چوونەتە ئەورووپا و سەرووی ملیۆنێك کەسیش فۆرمی پەناخوازییان پڕکردووەتەوە کە زۆرترینی 8 ساڵی رابردوو بووە.
محەممەد تانیڤەردی لەبارەی ئەگەری بوونەوەی ڤۆن دێر لاین بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش قسەی کرد و رایگەیاند، "ڤۆن دێر لاین دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتەوە بە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، بەڵام نەخشەی پەرلەمانی ئەورووپا کەمێک دەگۆڕدرێت."
لەبارەی ڤۆن دێر لاین، تارنیڤەردی باسی لەوە کرد، "پێشتر چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و بە پاڵپشتیی ئەو توانراوە هاوکارییەکی باش بۆ کوردستان لە شەڕی دژی داعش بنێردرێت."
ڤۆن دێر لاین ژنە سیاسەتڤانێکی ئەڵمانیە و لە کانوونی یەکەمی 2019ـەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپایە.
ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانییە پێشتر لەنێو حکومەتی ئەڵمانیا پۆستی جیاوازی هەبووە، وەکو وەزیری بەرگری لەنێوان ساڵانی 2013 و 2019 و لەو کاتەیشدا ئەڵمانیا هاوکارییەکی زۆری پێشمەرگەی لە شەڕی دژی داعش کرد.
"سۆسیال دیموکراتەکان و کریستیان دیموکراتەکانی ئەورووپا هاوسۆزی گەلی کوردن"
دلاوەر ئاژگەیی پێیوایە خەڵكێکی زۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپادا بەشداری ناکەن؛ هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پەرلەمانەکە دەسەڵاتێکی زۆری نییە.
لەبارەی پارتەکانی نێو پەرلەمانەکە و هەڵوێستیان بەرامبەر گەلی کورد و هەرێمی کوردستان، دلاوەر ئاژگەیی گوتی، "ئەو پارتە سیاسییانەی زیاتر بەدەم داواکارییەکانی گەلی کوردەوە دێن ئەوانەن کە لە راستڕۆکانەوە نزیکن؛ سۆسیال دیموکراتەکان و کریستیان دیموکراتەکان بەردەوام هاوسۆزی کورد بوون، بەڵام لە رووی پراکتیکییەوە کەمتر یارمەتیدەر بوون، ئەوەش لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە و پرسی دروستکردنی دەوڵەتە، رەنگە لەگەڵ پرەنسیپی ئەوان یەکنەگرێتەوە."
تارنیڤەردی لەوبارەیەوە گوتی، "ئێمە بینیومانە کە پارتە چەپەکان هیچ کاتێک ئامادە نەبوون هاوکاریی ستراتیژی کوردستان بکەن، بەڵام پارتە کۆنسێرڤاتیڤەکان بە پێدانی چەک بۆ کوردستان و پاراستنی کوردستان بەردەوام ئامادە بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ