لە کینیا نۆ ملیۆن کەس بۆ چێشتلێنان دار دەسووتێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

ملیۆنان کەس لە خەڵکی کینیا، هەموو بەیانییەک بۆ چێشتلێنان دار کۆدەکەنەوە، هۆکارەکەش هەژارییە.
 
جەین موسۆنی، هاووڵاتیی کینیا دەڵێت، "لەوەتەی دەژیم، بەیانیان هەڵدەستم چیلکەدار کۆدەکەمەوە و بۆ چێشتلێنان بەکاریدەهێنم. دووکەڵی ئاگرەکە تووشی کۆکەی درێژخایەنم دەکات و ناهێڵێت بە تەواوی هەناسە بدەم."
 
گرانیی نرخی گاز و کارەبا 9 ملیۆن و 100 هەزار هاووڵاتیی کینیای ناچار کردووە، بۆ کردنەوەی ئاگر و چێشتلێنان پشت بە سووتاندنی دار و خەڵووز ببەستن.
 
ئێڤانس ئەموکۆیێ، توێژەر دەڵێت، "کێشەکە تەنیا یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن نییە؛ کێشە گەورەکە تەنۆلکە هەڵواسراوەکانن، کە بە PM 2.5 ناسراون و دەبنە هۆی هەوکردنی سییەکان، تووشبوون بە رەبۆ و چەند نەخۆشییەکی دیکە."
 
کارگەیەکی کینیا وەکو چارەسەر سێ جۆر تەباخ دروستدەکات، کە دەتوانرێت بە دار، خەڵووز، سووتەمەنی و کارەبا سوودی لێوەربگیرێت. تەباخەکە بە جۆرێک دروستکراوە کە رێگە لە دەردانی دووکەڵ و گازەکان دەگرێت و ئاگرەکەشی بەتینترە؛ بەڵام بەهۆی بەرزیی نرخ و رێژەی زۆریی هەژاری، تەنیا بەشێکی کەمی کینیاییەکان دەستیان پێدەگات.
 
مێرسی لێتینگ، خاوەنکار دەڵێت، "کاتێک ئەم جۆرە تەباخانە بەکاردەهێنم، کارتۆنێک خەڵووز بەشی دوو مانگم دەکات، پێشتر وا نەبوو. ئێستا دەتوانم لە دوو مانگدا 34 دۆلار پاشەکەوت بکەم. هەرچی لەبارەی تەندروستیشمە، وەکو پێشتر ئەوەندە زۆر ناچمە نەخۆشخانە و دەتوانم زیاتر کار بکەم، ئەمەش مانای ئەوەیە کە زیاتر قازانج دەکەم."
 
لە کینیا لە ساڵی 2020 بۆ 2022 ژمارەی بەکارهێنەرانی دار و خەڵووز لە 4.7 ملیۆن کەسەوە بۆ 6.7 ملیۆن بەرزبووەتەوە.
 
هۆکاری سەرەکیش هەژارییە، 19.1 ملیۆن کەس لە کینیا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین کە 38.6%ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە دەکات.
 
بەکارهێنانی دار و خەڵووز بووەتە هۆی ئەوەی 19.6 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە لە 55 ملیۆنی دانیشتووانی، تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە ببن و 1.7% کۆی هۆکاری گیانلەدەستدان لە کینیا بەهۆی سووتاندنی دار و خەڵووزەوەیە.