حکومەتی هیندستان: بەهۆی گەرماوە 211 کەس گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
چەند هەفتەیەکە شەپۆلێکی گەرما تەنگی بە هیندەکان هەڵچنیوە و سەرباری گەرماکەش وەکو خۆیان دەڵێن ئاوی پاکیان نییە بۆ خواردنەوە، حکومەتی ئەو وڵاتەش ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "بەهۆی گەرماوە لە دوو هەفتەی رابردوو 211 کەس گیانیان لەدەستداوە."
لە نیودێلهی-ی پایتەختی هیندستان سەتان کەس چاوەڕێی تانکەری ئاون تاوەکو کەمێک ئاویان دەستبکەوێت لەو گەرما تاقەت پرۆکێنەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، رزگاریان ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاویان بە ئەستەم دەستدەکەوێت و هەندێ جاریش لەسەر وەرگرتنی ئاو دەبێتە شەڕیان.
مەنیشا، هاووڵاتییەکی هیندستانە و لەبارەی دۆخیانەوە دەڵێت: "لە بەیانی زووەوە، نۆرەمانگرتووە تاوەکو کەمێک ئاومان دەست بکەوێت؛ تینومانە و برسیشن، کە ئاوەکەشمان بەردەکەوێت، پاک نییە. پیسە و بۆنی لێدێت، بەڵام ئێمە هیچی دیکە شک نابەین و ئەو ئاوە تاکە سەرچاوەیە."
ئەنیل کومار، هاووڵاتییەکی دیکەی هیندییە و پیشەی کرێکارە و باس لەوە دەکات، کە "زۆر گەرمە، بەڵام بۆ ئێمەی کرێکار هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە. دەبێ بژێوی ژیان بۆ کەسوکارمان و منداڵانمان دابین بکەین."
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، لە چەند هەفتەی رابردوودا 211 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گیانیان لەدەستداوە.
کەشناسیی هیندستان چەند رۆژێکە ئاگاداری بڵاودەکاتەوە کە لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت نەچنە دەرەوە و لە قوتابخانەکانیش کراوەتە پشوو.
هەرچەندە ئێستا لە هیندستان بە وەرزی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ناسراوە، بەڵام کەشناسان رایانگەیاندووە، ئەو شەپۆلە بەشێکە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
هەندێکیش لەوانەی کە بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، کە نزیکەی 50 کەس دەبن، کارمەند و چاودێری هەڵبژاردنەکانی هیندستان بوون لەو پرۆسەیەی شەش هەفتەی خایاند.
هاووڵاتییەکی دیکەی هیندی کە ناوی 'شوکلا'یە باسی گەرمای وڵاتەکەیان دەکات: "لە ماڵەوە بووین، ئەو هەستی بە گەرمییەکی زۆر دەکرد و سەرەتا تەنگەنەفەس بوو، راستەوخۆ گەیاندمانە نەخۆشخانە، بەڵام لە ماوەی 10 خولەکێکدا، پزیشک ئاگاداری کردینەوە کە گیانی لەدەستداوە."
کەشناسی هیندستان باس لەوە دەکات کە مانگەکانی، ئادار، نیسان و ئایار؛ سێ گەرمترین مانگ بوون لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لەمانگی ئایاردا کە هەندێک رۆژ پلەی گەرما گەیشتووەتە نزیکەی 50 پلەی سیلیزی.