ئوسترالیا پارکێکی سرووشتی دروستدەکات کە رووبەرەکەی 10 هێندەی هەرێمی کوردستان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

ئوسترالیا پلانی هەیە پارکێکی پارێزراو لە ماسیگرتن، کانی کانزا و چالاکی دیکە دروستبکات کە رووبەرەکەی هێندەی تەواوی ئیسپانیا و زیاتر لە 10 هێندەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
بەگوێرەی پلانەکە، رووبەری پارکی پارێزراوی دوورگەی موککۆری لە ئوسترالیا، کە تەواوی چالاکییەکانی دژ بە ژینگەی تێدا قەدەخەیە، سێ هێندەی ئێستای زیاد دەکرێت. بەمەش رووبەرەکەی دەبێتە 475 هەزار و 456 کیلۆمەتر چوارگۆشە.
 
ئەو رووبەرە بە نزیکەیی هێندەی رووبەری وڵاتێکی وەک ئیسپانیا و دوورگەکانی دەوروبەری دەبێت. هەروەها زیاتر لە 10 هێندە رووبەری هەرێمی کوردستانە.
 
رۆژی یەکشەممە 4-6-2023 تانیا پلیبەرسێل، وەزیری ژینگەی ئوسترالیا گوتی، ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی بەدوور دەبێت لە ماسی گرتن و دەرهێنانی کانزا لە کانەکانیدا، تەنیا راوکردنی ماسی پاتاگۆنی رێگەی پێدەدرێت.
 
هەروەها باسی لەوەشکرد، "دوورگەی موککۆری شوێنێکی زۆر جیاوازە. دوورگەکە شوێنێکی پڕ نهێنییە و دابینکەری خواردنە بۆ ملیۆنان باڵندە".
 
دوورگەی موککۆری دەکەوێتە نێوان ئوسترالیا و ئەنتراکتیکا و ماڵی پەنگوین و سەگی دەریا و شوێنی لێکۆڵینەوە زانستییەکانە.