دوای 12 ساڵ لە پەیوەندی؛ شاکیرا و پیکێ لەیەک جیابوونەوە

04-06-2022
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 12 ساڵ لە پەیوەندی خۆشەویستی و هەبوونی دوو منداڵ، 'پیکێ'ـی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسیلۆنا لەگەڵ شاکیرای گۆرانیبێژ لەیەک جیابوونەوە.
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا، شاکیرای 45 ساڵ و پیکێی تەمەن 35 ساڵ دەڵێن، "بەداخەوە جیابوونەوەی خۆمان پشتڕاست دەکەینەوە. لەپێناو سەلامەتی منداڵەکانیشمان کە بۆ ئێمە لەسەرووی هەموو شتێکەوەن، داوا دەکەین رێز لە نهێنییەکانی ژیانی تاکەکەسیمان بگیرێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکە شاکیرا و پیکێ دەنووسن: سوپاس بۆ تێگەیشتنتان.
 
شاکیرای گۆرانیبێژی بەرەچەڵەک کۆلۆمبی لەگەڵ پیکێ دوو منداڵیان هەیە؛ یەکێکیان ناوی میلانە و تەمەنی 7 ساڵە؛ ئەوی دیکەشیان ناوی ساشایە و تەمەنی 5 ساڵە.
 
جیابوونەوەی هەردوو کەسایەتییە ناودارەکە لەکاتێکدایە، شاکیرا بەم دواییانە زانیویەتی کە پیکێ لەگەڵ کچێکی دیکە خەوتووە؛ بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، کچێکی قژ زەردی چاوشینی تەمەن 20 ساڵانە، بەڵام ناو و ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە.
 
لەو رۆژەوەی شاکیرا بەمەی زانیوە، پیکێ لە هۆتێلێکی بارسیلۆنا بەتەنیا دەمێنێتەوە. هەروەها داهاتی پیکێ نزیکەی 50 ملیۆن دۆلارە و شاکیراش خاوەنی 300 ملیۆن دۆلارە.
 
دوایین گۆرانیی شاکیرا باسی خیانەت دەکات
 
خواست لەسەر دوایین گۆرانی شاکیرا لەگەڵ راو ئەلیخاندرۆ زیادیکردووە کە تێکستەکەی گوزارشت لە خیانەت دەکات؛ لە یەکێک لە دێڕەکانی هۆنراوەکەدا شاکیرا دەڵێت، "تا تۆم رێککردەوە، خۆم پارچە پارچە بووم. منیان ئاگادارکردەوە، بەڵام گوێم بۆ نەگرتن." 
 
لە دێڕێکی دیکەی تێکستی گۆرانییەکەیدا شاکیرا دەڵێت: داوای لێبوردنم لێمەکە؛ بەو جۆرە دەردەکەوێت لە دڵەوە داوای لێبوردن بکەیت، بەڵام من تۆ دەناسم و دەزانم درۆ دەکەی. 
 
دوایین جار کە شاکیرا و پیکێ وێنەیان بەیەکەوە هەبوو لە رۆژی ڤالانتاین بوو. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە