بەرپرسانی شارۆچکەیەکی ژاپۆن رێگری لە چوونی گەشتیاران بۆ شارۆچکەکەیان دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

شارۆچکەی فوجیکاواگوچیکۆ لە باشووری رۆژهەڵاتی ژاپۆن سەرنجڕاکێشە و ئەوەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی بکەن، بەڵام دانیشتووانی شارۆچکەکە رێگری لە چوونی گەشتیاران بۆ شارۆچکەکەیان دەکەن.
 
واتانبی، هاووڵاتیی شارۆچکەکەی ژاپۆن دەڵێت، "بۆ بووژاندنەوەی کۆمەڵگەکەمان پێشوازی لە گەشتیاران دەکەین، بەڵام پێشێلکاری زۆر لە بنەماکان دەکرێت، لەوانە پەڕینەوە لە شوێنی هەڵە، فڕێدانی پاشماوە و چوونە نێو موڵکی خەڵک."
 
بە مەبەستی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران، بەرپرسانی شارۆچکەکە دەستیان بە دروستکردنی دیوارێک کردووە؛ بەرزیی دیوارەکە دوو مەتر و نیو و پانییەکەشی نزیکەی 20 مەتر دەبێت.
 
ئەفیق ئەنوەر، گەشتیاری مالیزی دەڵێت، "تێدەگەم لەوەی دەیکەن. ژمارەیەک کەسی زۆر دەچنە ئەو ناوچە و شوێنانەی نابێت گەشتیاران بچنە نێویان، بەڵام دواتر لە تیکتۆک دەیانبینیت کە لەوێن."
 
بەشێک لە گەشتیاران هۆکاری خۆیان بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا و رێنوێنییەکان هەیە. ئیسەر فرای، گەشتیار دەڵێت، "هۆکارەکەی ئەوەیە کە زۆربەی رێنوێنییەکان بە ئینگلیزی نەنووسراون. ئەگەر زمانەکە نەزانیت، قورسە پابەندی یاساکان بیت. ژاپۆنییەکان دەڵێن، ئێمە رێز لە یاساکانیان ناگرین؛ هۆکارەکەی ئەوەیە کە نازانین یاساکان چین."
 
پار 25 ملیۆن گەشتیار چوونەتە ژاپۆن و داهاتی گەشتیاریی وڵاتەکە 36 ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە. پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاران بگاتە 30 ملیۆن.