رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییانی ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سولن لە باشووری بەرازیل بەهۆی لافاوەوە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و بەشێک لە هاووڵاتییانەوە دەگوازرێنەوە.
گولڤەرتۆ لویز، هاووڵاتیی بەرازیلی دەڵێت، "هاتمە ئێرە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی و گواستنەوەیان، چونکە لێرە لافاوەکە بەهێز و ترسناکە. شەپۆلی لافاوەکە زۆرە و بەلەمێکی شەش مەتریم هێناوە بۆ گواستنەوەی خەڵک."
لە 450 ناوچەی ویلایەتەکە، لافاو زیانی بە 200یان گەیاندووە؛ هەروەها، بەهۆیەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و 74ی دیکەش بێسەروشوێنن، ئەوەش جگە لەوەی 23 هەزار کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
لویز ئیناسیۆ دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل رایگەیاند، "دەمانەوێت هاوخەمیی خۆمان بە خێزان و دانیشتووانی ریۆ گراندێ دۆ سولن دەربڕین و پاڵپشتیی خۆمان بۆ سەرۆکی ویلایەتەکە دەردەبڕین، کە حکومەتی بەرازیل و 37 وەزارەت ئامادەن بۆ هاوکاریکردنیان."
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەو ویلایەتەی باشووری بەرازیل، زیانی لافاوەکە 20 ملیۆن دۆلارە.
راول ماتزیل، هاووڵاتیی بەرازیلی ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە خەڵکی ناوچەکە، کە خاوەن مەڕ و ماڵاتن، ئاژەڵەکانیان جێبهێڵن، نازاندرێت ئاستی ئاوەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە یان نا. نازانین چی بەسەر ئاژەڵەکان دێت."
لە تەممووزی رابردووەوە ئەمە چوارەم لافاوە بەرازیل دەگرێتەوە؛ لەو سێ لافاوەی پێشتر 75 کەس گیانیان لەدەستدا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ