بەریتانیا "کەسێکی ئێرانی"ی بە تۆمەتی دابینکردنی بەلەم بۆ قاچاخچییەکان دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، سەرۆکی گرووپێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتیی دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە دابینکردنی بەلەمی بچووک بۆ ئەو قاچاخچییانەی کە کۆچبەران بە نێو نۆکەندی ئینگلیزدا دەگوازنەوە. 
 
بەمدواییانە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی ئەو کەناڵەوە لە باکووری فەرەنساوە دەچنە بەریتانیا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەوەش وای لە لەندەن کردووە، رێکارەکان تووندتر بکات، لە نوێترین پلانیشیدا، وا دایناوە کۆچبەرە نایاساییەکان بنێرێتە رواندا.
 
بەگوێرەی ئاژانسە بەریتانییەکە، گومانلێکراوەکە ناوی هیوا رەحیمپوورە، تەمەنی 29 ساڵ و بە رەچەڵەک خەڵکی ئێرانە. هیوا رۆژی چوارشەممە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پۆلیسی بەریتانیا و بەلجیکا، لە شوێنی کارەکەی لە رۆژهەڵاتی لەندەن دەستگیرکرا. 
 
هیوا، بە تۆمەتی دابینکردنی "ژمارەیەکی زۆری بەلەمی بچووک بۆ قاچاخچییەکان" لە لایەن پۆلیسی بەلجیکاوە داواکرابوو.
 
لە تویتێکدا، ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان، وێنەی هیوا رەحمیپووری بە کەلەپچەکراوی بڵاوکردەوە.
 
جەیک بیر، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتوویەتی: "رەحیمپوور تۆمەتبارە بە گێڕانی رۆڵێکی گەورە لەو شتەی کە ئێمە بە تۆڕێکی تاوانکاریی گەورەی تێوەگلاو لە دابینکردنی بەلەم بۆ قاچاخچیی کۆچبەران ناوی دەبەین".
 
هەروەها دەشڵێت: "زۆربەی ئەم چەتە تاوانکارانە کە لەم پەڕینەوانەدا تێوەگلاون، لە دەرەوەی بەریتانیان، بەڵام لەو شوێنانەی بزانین شوێنپێیێکی بەریتانیایان هەیە، بە خێرایی کاردەکەین بۆ وەستاندن و هەڵوەشاندنەوەیان."
هیوا رەحیمپوور تۆمەتبارە بە دابینکردنی بەلەم لە تورکیا و دواتر گواستنەوەیان بۆ ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا.
 
پۆلیسی بەریتانیا و بەلجیکا دەڵێن هیوا رەحیمپوور دواتر داوای لە ئەندامانی تۆڕەکەی کردووە، ئەو بەلەمانە ببەن بۆ باکووری فەرەنسا، بۆ ئەوەی لەوێ قاچاخچییەکان بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بە نێو نۆکەندی ئینگلیزدا بەکاربێنن. 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، لە لەندەن، هیوا لە بەردەم دادگە ئامادەبێت تاوەکو بڕیار لەسەر دیپۆرتکردنەوەی بدرێت.
 
ئاژانسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا دەڵێت، دەستگیرکردنی هیوا دوای پێکەوەکارکردن و هاوئاهەنگیی لە نزیکەوەی ئەوان لەگەڵ سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی ئەوروپا و دامودەزگاکانی بەلجیکا هات.
 
لە شاری وێست فلاندێرس لە بەلجیکا، لێکۆڵەر فرانک دیمیستەر گوتی: "پۆلیس و دامودەزگا دادوەرییەکانی بەلجیکا هەوڵێکی زۆر بۆ روووبەڕووبوونەوەی قاخاچیکردنی بە مرۆڤەوە تەرخان دەکەن، ئێمە بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەش و وڵاتە دراوسێکانمان."
 
ئاژانسە بەریتانییەکە پێشتر چەندینجار داوای لە پیشەسازیی دەریایی وڵاتەکەی کردبوو، کە هۆشیار بن لە کڕینی بەلەم و پێداویستییەکانی دیکە لەلایەن گرووپە چەتە و قاچاخچییەکانەوە.
 
ئەندریا ویڵسن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان، ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لەو رێگانەی کە دەیانەوێت بۆ نەهێشتنی قاچاخچیکردن بە مرۆڤەوە بەکاریبێنن، ئەوەیە کە کۆتایی بە دابینکردنی بەلەمەکان بێنن.