مایک پێنس دان بەوەدا دەنێت رێنماییە تەندروستییەکانی پێشێلکردووە

رووداو - هەولێر

جێگری سەرۆکی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت کە پێشێلی ئەو رێنماییە تەندروستییانەی کردووە کە دژ بە کۆرۆنای گیراونەتەبەر کاتێک سەردانی کلینیکێکی کردووە و ماسکی نەبەستووە، دەشڵێ "دەبوو بەستبام".

 
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، دوای ئەوە سەردانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکردی کردووە و ماسکی بەستووە.
 
مایۆ کلینیک کۆمپانیایەکی تەندروستیی قازانج نەویستی ئەمریکییە و لە ویلایەتی مینیسۆتایە، راهێنانی کلینیکی، پەروەردەیی و توێژینەوەی لێ ئەنجامدەدرێت.

ئەو کۆمپانیایە چوار هەزار و 500 زانا و 58 هەزار و 400 کارمەندی تەندروستی کاری تێدا دەکات، سەرجەمیان لە شەڕی دژی کۆڤید-19دا رۆڵێکی کاریگەریان گێڕاوە.

پێنس سەردانی ئەو سەنتەرەی کرد بۆئەوەی سوپاسیان بکات بۆ ئەو کارە خۆبەخشییەی لەو بوارەدا ئەنجامی دەدەن، سوپاسی تایبەتیشی کردن کە پلازمایان بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەخشیوە.
 
لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراوە، بەشێوەیەک تائێستا یەک ملیۆن و 188 هەزار و 122 کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش 68 هەزار و 589 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 178 هەزار و 263 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.