فڕۆکەیەک لە کەناراوەکانی فلۆریدا نیشتەوە؛ 143 کەس لە مردن رزگاریان بوو

04-05-2019
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
لەلایەن ماڵپەڕ و رۆژنامەکان بە 143 کەسی خۆشبەخت ناودەبرێن
لەلایەن ماڵپەڕ و رۆژنامەکان بە 143 کەسی خۆشبەخت ناودەبرێن
نیشانەکردن ئەمریکا
A+ A-

رووداو -  هەولێر 

لە ئەمریکا 143 کەس لە مردنێکی حەتمی رزگاریان بوو، فڕۆکەیەکی گەورە لە فلۆریدا لەسەر دەریا نیشتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەکاتی نیشتنەوەی لە رێڕەوەکەی لادەدات. 

لەلایەن ماڵپەڕ و رۆژنامەکان بە 143 کەسی خۆشبەخت ناودەبرێن، سەرنشینانی فڕۆکەکە بەشێکیان بەهۆی برینی سووکەوە، بەشێکیشیان بەهۆی شۆکێکی گەورەوە نێردراون بۆ نەخۆشخانەکان.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 4-5-2019 فڕۆکەی بووینگ 737 بە 143 سەرنشینەوە لە گوانتانامۆی کوبا بەرەو فلۆریدای ئەمریکا فڕی، بەڵام لەکاتی نیشتنەوەیدا لە رێڕەوەکەی لادەدات و دواتر فڕۆکەکە لە کەناراوەکانی دەریا دەنیشێتەوە.

سەرجەم سەرنشینەکان سەرسوڕهێنەرانە رزگاریان بوو. کاپتن مایک کۆنۆرس، فەرماندە لە وێستگەی ئاسمانی جاکسنڤیل دەڵێت: "143 سەرنشینەکە بەخێرایی رزگارکران و برانە کەناراوەکان، هیچ کەس گیانی لەدەستنەدا، برینی سووک هەبوون، 21 کەس بە سووکی برینداربوون. برینداری بەهۆی هەڵبەزین و شوختیشەوە هەبوون، بەڵام هیچ کەیسێکی ئێسک شکان نەبوو، یاخود هیچ هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ژیانی هیچ کەسێک نەبوو".

چاودێران سەرنجیان خستووەتە سەر دوو بەشی ئەم رووداوە، یەکەمیان لەماوەی پێنج مانگدا دوو فڕۆکەی کۆمپانیای بووینگ تێکشاون بە هەردووکیان 346 کەس گیانیانلەدەستدا.

دووەمیان، لە رووداوی تێکشانی فڕۆکەدا بە دەگمەن سەرنشینان رزگاریان بووە، دوایین رووداوی لەم شێوەیە لە 15ی کانوونی دووەمی 2009 بوو کاتێک فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە نیویۆرکەوە بەرزبووەوە، لە ئاسمان رووبەڕووی هێرشی باڵندە هاتەوە، فڕۆکەکە کەوتە نێو ئاوەوە، سەرجەم 155 سەرنشینەکانی رزگاریان بوو. 

بە فەرمی هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکەی فلۆریدا رانەگەیەندراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەهۆی بایێکی بەهێز فڕۆکەکە لە رێڕەوەکەی لایدابێت. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە