رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ رۆژی هەینی رەتیکردەوە پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابووریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە هەبێت.
وڵاتانی ناتۆ کە هەندێکیان ناتوانن 2%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیان بۆ بەرگری تەرخان بکەن، پێدەچێت ئابوورییەکەیان بەهۆی باجی تازە راگەیێندراوی ئەمریکاوە زیانیان پێ بگات.
لە مادەی دووەمی پەیماننامەی ناتۆ کە 76 ساڵ لەمەوبەر واژۆ کراوە، هاتووە، دەبێت هاوپەیمانان "پەرەی زیاتر بە پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئاشتیانە و دۆستانە بدەن" و کار بۆ "سەقامگیری و خۆشگوزەرانی یەکدی بکەن" و " ململانێ لە سیاسەتی ئابووریی نێودەوڵەتیدا نەهێڵن."
رۆژنامەڤانان لە برۆکسل گوشاریان لە مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کرد بۆئەوەی قسە لەسەر کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا بکات، بەڵام رووتە رەتیکردەوە باسی ئەو بابەتە بکات و گوتی، ئەرکی ئەو تەنیا پاراستنی سنووری ناتۆیە.
رووتە گوتی، "پێم وانییە پێناسەکان مادەی دووەم پێشێل بکەن. نەخێر، پێم وانییە. لە رابردوودا چەندین نموونەی روانگەی جیاوازمان بینیوە لەبارەی شەڕ لەسەر گومرگ. پێشتر ئەمە روویداوە بەبێ ئەوەی مادەی دووەم پێشێل بکرێت."
دانوستاندنەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەندامانی ناتۆ خەرجیی بەرگرییان زیادبکەن و بیگەیێننە سەروو 2%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆ؛ بەشێکیان هەوڵی 3.5% تاوەکو 5% دەدەن.
چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی داهاتووی سەرکردەکانی ناتۆدا لە حوزەیرانی ئەم ساڵ لە شاری لاهای هۆڵەندا لەسەر ژمارەیەکی نوێ رێکبکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ