رووداو دیجیتاڵ
لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی هەینی رابردووی شاری ماندالای میانمار بۆ وەرگرتنی خۆراک نۆرە دەگرن. ئەوان ئاوارەی شاری زاگانگ بوون کە 24 کیلۆمەتر لە ماڵەکانیانەوە دوورە. دەڵێن، رۆژ بە رۆژ حاڵیان خراپتر دەبێت.
سین سین خاینگ، هاووڵاتییە و باس لە دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت، "ئەو خۆراکەمان دەستنەکەوتووە کە پێویستمانە. هەندێک برنج و رۆنی چێشتلێنانم پێویستە چونکە هیچ پارە و کارێکم نییە".
بە گوێرەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 3.5 ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون.
ئاژانسەکە دەڵێت، پلانیان هەیە هاوکاری یەک ملیۆن لەو بێ ماڵ و حاڵانە بکەن، بەڵام بۆ ئەمە پێویستیان بە 20 ملیۆن دۆلارە.
بە گوێرەی بەرپرسانی میانمار، 17 تۆن هاوکارییان لەلایەن وڵاتانەوە پێگەیشتووە و خۆشیان 12 ملیۆن دۆلاریان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان دابینکردووە.
ئای سیکەر، پیاوی ئایینییە و لەبارەی پێداویستییەکانیان باس لەوە دەکات، "پێویستمان بە پەردە، کولە و بەتانییە بۆ ئەوەی بتوانین بخەوین، چونکە ناتوانین ئاوا بە ئاسایی لەسەر ئەرزەکە بخەوین. ئێستا ناوە ناوە خەڵکی ناوچەکە خۆراکمان پێدەدەن، بەڵام نازانین چوار بۆ پێنج رۆژی دیکە چی روودەدات".
داو وین مار، هاووڵاتییەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "بۆ ئێستا، لەسەر دۆشەکێک دەخەوین و پەردە و کوللەمان نییە بۆ ئەوەی لە مێشوولە پارێزراوبین."
میانمار یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکانی جیهان. بە گوێرەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، پێش بوومەلەرزەکە لە 54 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە 15 ملیۆن و 200 هەزار کەسیان ئاسایشی خۆراکیان نەبوو.
بە گوێرەی سندووقی نێودەوڵەتی دراویش، تێکڕای داهاتی رۆژانەی تاک لەو وڵاتە سێ دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ