رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئیدارەکەی زۆر نزیکە لەوەی رێککەوتنێک بۆ کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک بکات.
رۆژی پێنجشەممە سێی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا لەبارەی کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بە رۆژنامەڤانانی گوت، "نزیکین لە رێککەوتن لەگەڵ کۆمەڵە کەسانێکی زۆر باش."
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەکدا سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت و رایگەیاند، چیدیکە رێگە بە وڵاتان نادەن لەسەر حیسابی ئەمریکا خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، دەتوانن لەگەڵ چین رێکبکەون بۆ ئەوەی پێناسە گومرگییەکانی سەریان کەمبکەنەوە، "بەو مەرجەی ئەوان شتێکی باشمان پێبدەن، بۆ نموونە تیکتۆک."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەگەڵ تیکتۆک لە دۆخێکداین کە پێدەچێت چین بڵێت، رەزامەندی لەسەر رێککەوتن دەدەین و ئێوەش لەبارەی پێناسە گومرگییەکان شتێک بکەن. پێناسە گومرگییەکان هێزێکی گەورەی دانوستاندنمان پێدەبەخشن."
تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک زیاتر لە 170 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمریکا هەیە و لە ساڵی رابردووەوە کۆنگرێس داوای کرد، کۆمپانیای بایت دانس، ئەپەکە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشێت، ئەگەر نا رووبەڕووی داخستن دەبێتەوە.
رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاری قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە چینییەکەی لە سەرانسەری ئەمریکا دا، دوو رۆژ دوای ئەوەش بڕیارەکە جێبەجێ کرا.
بەڵام 20ـی هەمان مانگ، ترەمپ دوای سوێندخواردنی فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی تیکتۆکی بۆ 75 رۆژ دواخست.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لەوانەیە بۆردێکی دیکەی بەڕێوەبردن بۆ تیکتۆک دروست بکرێت و چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکیش هەندێک لە پشکەکانی کۆمپانیاکە بکڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ