ناتۆ ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە و داوایەک لە ئەمریکا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، سکرتێری گشتیی ناتۆ داوا لە ئەمریکا دەکات لەگەڵ ئەوروپا یەکبگرێت چونکە بەوجۆرە "بەهێزتر و پارێزراوترن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 04-04-2024، ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانیی ناتۆیە و ئەمڕۆ لە برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە یادەکەیان کردەوە.
 
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە پەیامێکدا رووی لە ئەمریکا کرد و گوتی: "من بڕوام بە ئەمریکایەکی تاک و ئەوروپایەکی تاک نییە، من بڕوام بە ئەمریکا و ئەوروپا بەیەکەوە هەیە لە ناتۆ چونکە ئێمە بەیەکەوە بەهێزتر و پارێزراوترین."
 
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسیی ناسراو بە ناتۆ 75 ساڵ لەمەوبەر لە 1949 دامەزرا و ئێستا 32 ئەندامی هەیە لەوانەش: ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوێد، بەلجیکا و تورکیا.
 
ستۆڵتنبێرگ هەروەها گوتی، "لە هەمان کاتدا ئەمریکای باکووریش پێویستی بە ئەوروپا هەیە. هاوپەیمانە ئەوروپییەکان سەربازی زۆر پێشکەوتوویان هەیە و لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و تۆڕە هەواڵگرییەکان بێوێنەن کە ئەمەش دەبێتە چەند هێندەکردنی هێزی ئەمریکا."
 
بەشێکی دیکەی مژاری رێوڕەسمەکە جەنگی ئۆکراینا بوو. ئامادەبووانی بارەگای سەرەکیی ناتۆ کە خۆیان لە وەزیرانی دەرەوەی ئەو 32 وڵاتە دەبینیەوە گەنگەشەی ناردنی هاوکاریی زیاتریان بۆ ئۆکراینا کرد.
 
بڕگەی 5ی ئەو رێککەوتنەی بووەتە بنەمای دامەزراندنی ناتۆ دەڵێت، هێرشکردنە سەر هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە بە هێرشکردنە سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت. 
 
دوایین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە سوێد بوو، ئێستا ناتۆ چاوی لە جۆرجیایە ببێتە ئەندامی.
 
رۆژی 18-3-2024، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی جۆرجیای کرد، وەک بەشێک لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی سەر دەریای رەش؛ ستۆڵتنبێرگ لەگەڵ ئیراکلی کۆباخیدزە، سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا کۆبووەوە و پشتگیریی ناتۆی بۆ ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە رێکخراوەکە دووپاتکردەوە.