ماکرۆن: رووسیا یارییەکانی ئۆلۆمپیک دەکاتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری دەدات لەوەی کە رووسیا یارییەکانی ئۆڵۆمپیک دەکاتە ئامانج، ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە لە هاوینی ئەم ساڵ یارییەکانی ئۆڵۆمپیک لە فەرەنسا بەڕێوەبچن.
رۆژی سێشەممە، 4ـی نیسانی 2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا هۆشداریدا لەوەی رووسیا هێرش دەکاتە سەر یارییەکانی ئۆڵۆمپیک و گوتی: "هیچ گومانم لەوە نییە".
ئەو گوتانەی ماکرۆن لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، سێباستیان لێکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، وەزیری بەرگریی رووسیا بە وەزیری بەرگریی فەرەنسای راگەیاندووە، "رووسیا هیواخوازە فەرەنسا لە هێرشەکەی مۆسکۆ تێوەنەگلابێت".
رۆژی 22-03-2024 چوار چەکدار هێرشێکیان کردە سەر هۆڵی کرۆکەسی تایبەت بە ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ. تەقەی هەڕەمەکی و تەقاندنی نارنجۆک و ئاگربەردانی هۆڵەکە بووە هۆی کوژرانی 144 کەس.
ئەو راگەیێندراوەی رووسیا نیگەرانی ماکرۆنی بەدوای خۆیدا هێنا و گوتی: "ئەو راگەیێندراوەی رووسیا سەیرە و هەڕەشەئامێزە."
دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا فەرەنسا بەردەوام هاوکاریی ئۆکراینای کردووە و رووسیای بە "داگیرکار" ناوبردووە و لە چەند مانگی رابردووشدا هەڵوێستەکانی فەرەنسا بەرامبەر بە رووسیا تووندتر بووە.
لە شوباتی ئەم ساڵ، دوای کۆبوونەوەی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 20 وڵاتی ئەوروپی بەرپرسانی دیکەی رۆژئاوایی لە پاریس، ئیمانوێل ماکرۆن گوتی: "ئەمڕۆ هیچ کۆدەنگیێک نییە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی سەرباز بنێرین. بەڵام بەپێی گۆڕانکارییەکان، هیچ شتێک بەدوور نازانرێت".
لە بەرامبەریشدا رووسیا هۆشداری لە ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا نارد و گوتەکانی ماکرۆنی بە "پێشهاتێکی نوێ" ناوبرد و گوتی: "ئەمە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەدا نابێت، پێویستە لەمەدا ئاگادار بن".