ئاژانسی بۆشایی ئەوروپا لە رێگەی مانگی دەستکردەوە لێکۆڵینەوە لە رووکاری دەرەوەی خۆر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەلجیکا دوو مانگی دەستکرد ئامادە دەکرێن و دەنێردرێنە بۆشایی ئاسمان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووکاری دەرەوەی خۆر. پڕۆژەکە بە لاتینی ناوی پڕۆبە 3 یە کە بە واتای "با هەوڵ بدەین" دێت.
 
ئەندری ژوکۆڤ، زانای بۆشایی ئاسمان دەڵێت، "ئەمە یارمەتیی تێگەیشتنمان لە چەند شتێک دەدات؛ لەوانەش سەرچاوەی خۆرەبا. ژمارەیەک پرسیاری وەڵامنەدراوە هەن، بەتایبەت لەبارەی خۆرەباوە. خۆرەبا شێوەیەکی گۆڕاو و ناڕێکی هەیە. تاوەکو ئێستاش روون نییە، کە لە کوێوە دێت."
 
خەرجیی پڕۆژەکە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە؛ مانگە دەستکردەکان لەلایەن ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپاوە ئامادە دەکرێن. دواتر دەگوازرێنەوە بۆ هیندستان بۆ ئەوەی ئەیلوولی ئەم ساڵ لەوێوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێن.
 
لە بۆشایی ئاسمان مانگە دەستکردەکان لەسەر یەک هێڵ دەبن، یەکێکیان ئەو رووناکییە رادەگرێت کە لە خۆرەوە دێت و ئەوەی دیکەش زانیاری لەبارەی کەش و رووکاری دەرەوەی خۆرەوە کۆدەکاتەوە.
 
ئەم کارە تەنیا بە دوو مانگی دەستکرد دەکرێت چونکە هیچ مانگێکی دەستکرد ناتوانێت بە تەنیا بەرگەی گەرما بەتینەی خۆردا بگرێت.
 
ئەلێکسی گلۆڤەر، رێکخەری خزمەتگوزاری کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان باس لەوە دەکات، "داتاکانی پرۆبە 3 بڕیارە زانیاری گرنگ و نوێ لەسەر خۆر و دیاردەکانی وەک دەردانی بەکۆمەڵی ئەلیکترۆن، پڕۆتۆن و بواری موگناتیسی بۆ بۆشایی نێوان هەسارەکان دابین بکەن. ئەمانە بەشێکن لەو دیاردە سەرەکیانەی کە پێیان دەڵێین چالاکیی سەر رووی خۆر."
 
بە زیادبوونی چالاکییەکانی سەر رووی خۆر، زیانی زۆر بە مرۆڤایەتی دەگەیێنێت؛ لەوانەش زیادبوونی تیشکدانەوە کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە.