نوێترین راپرسی؛ لە حەوت ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا ترەمپ لە شەشیان پێش بایدنە
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کینۆشا لە ویلایەتی وێسکۆنسن، هەڵبژاردنی بەرایی بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەکانی تێدا بەڕێوەچوو، ویلایەتەکە بە یەکێک لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنرێت.
لەو ویلایەتە خۆشگوزەزانی و ئاسایش پرسی گرنگی هەڵبژاردنن.
بەگوێرەی نوێترین راپرس رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، لە کۆی حەوت ویلایەتی یەکلاکەرە و گرنگ، ترەمپ لە شەش ویلایەت لە پێش بایدنەوەیە، بەربژێری کۆمارییەکان لە ویلایەتەکانی میشیگن، ئاریزۆنا، جۆرجیا، پێنسلڤانیا، کارۆلاینای باکوور و نێڤادا لەپێش بایدنەوەیە، بەڵام لە وێسکۆنسن، بایدن لە پێش ترەمپەیە.
سکۆت لیندمان، هاووڵاتیی ئەمریکییە و دەڵێت، "کۆچبەران، هەڵاوسان، مافی ژیانکردن، پێموایە ئەو سیانە، سێ پرسی گرنگن بۆ من."
بۆ هەڵبژاردنەکانی 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، کۆچبەران، ئابووری و چاودێری تەندروستی، پرسی گەرمی هەڵبژاردنەکانن.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەڵێت، "سنوورەکان بوونەتە گۆڕەپانی خوێن. وڵات بەرەو وێرانە دەبات و شتی خراپ روودەدەن، بەڵام ئەو رۆژەی دەگەڕێمەوە سەر دەسەڵات هەمووی کۆتایی دێت. ئەو رۆژەش 20ـی کانوونی دووەمە، هەموو شتەکان کۆتایی پێ دێت."
لە ویلایەتی وێسکۆنسن، دەنگدەران لە هەردوو بەربژێر تووڕە بوون. 9٪ـی دیموکراتەکان بەشداریی هەڵبژاردنی بەراییان نەکرد، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک لە سیاسەتەکانی لە بەرامبەر جەنگی غەززە، هەرچی کۆمارییەکانە 13٪یان دەنگیان بە نیکی هەیلی دا کە مانگێک لەمەوبەر لە کێبڕکێی بەربژێرانی کۆمارییەکان کشابووەوە.
جارلیس فرانکلین، توێژەری سیاسییە لە قوتابخانەی یاسایی مارکوێت و دەڵێت، "ئێمە بینیومانە کە بایدن لەسەر پرسەکانی چاودێری تەندروستی، چاودێری کۆمەڵایەتی و لەباربردن لەپێشە، بەڵام لەپرسەکانی سنوورەکان و ئابووری ترەمپ لەپێشە."
لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا، هەمان دوو بەربژێری چوار ساڵی رابردوو، جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.