رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگرتنی 159 پشیلە و 7 سەگ لە شوقەیەکدا، دادگەیەکی فەرەنسا سزای بەندکردن و پێبژاردنی بەسەر ژن و مێردێکدا سەپاند.
رۆژی چوارشەممە، 03-04-2024، دادگەی تاوانی شاری نیس لە فەرەنسا بەهۆی راگرتنی سەگ و پشیلەکان سزای یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو، پێبژاردنی 150 هەزار یۆرۆ و قەدەخەکردنی هەتاهەتایی راگرتنی ئاژەڵی بەسەر دوو هاوژیندا سەپاند.
سزای هەڵپەسێردراو بەو مانایە دێت ئەگەر ئەو دوو کەسە ئەو کارە دووبارە بکەنەوە؛ یەک ساڵ بەند دەکرێن.
دادگەکەی شاری نیس دەڵێت "سزاکە بەهۆی پشتگوێخستنی ئاژەڵەکان و خراپیی تەندروستییانەوە دراوە."
دوو هاوژینەکە ئەو ژمارە زۆرەی پشیلە و سەگەیان راگرتووە، لەکاتێکدا لە شوقەیەکی 80 مەتری لە شاری نیسدا دەژین.
کەیسی دادگەکە بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە کاتێک چەند دانیشتوویەکی گەڕەکەکە سکاڵایان لەسەر ئەو ماڵە تۆمارکرد و پۆلیسی فەرەنسا گەیشتنە شوێنی ئاژەڵەکان، بینییان چەندین سەگ و پشیلە لەو شوقەیە بێ خواردن و ئاو دەژین و جەستەیان پڕە لە مشەخۆر و برین.
ئەو کات، پۆلیسی فەرەنسا دوو پشیلە و دوو توتکە سەگیان لە گەرماوی ماڵەکە بە مرداربوویی دۆزییەوە.
لەدوای کۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگەکە، ژنی ماڵەکە کە تەمەنی 68 ساڵە رایگەیاند، "وازناهێنم."
ژنەکە ئەوەشی گوت "ئەوە وەکو ئەوە وایە بە دایکێک بڵێیت بەبێ منداڵەکانت بژی. ئەوان [سەگ و پشیلەکان] خۆشەویستی ژیانی من بوون، بەڵام شتەکان باش نەڕۆیشتن."
وەک بەرگرییەک لە کارەکانی خۆی و هاوژینەکەی، ژنەکە بە دادگەی گوت ئەو دۆخە خراپە بۆ ماوەیەکی کاتیی بووە و پێشتر وانەبووە.
ئەو ژنە هەروەها گوتوویەتی، "پشیلەکان بەهۆی نەخۆشییەکی منەوە تووشی نەخۆشی بوون."
دوای پشکنینی دەروونی لەلایەن پسپۆڕێکەوە، دەرکەوت ژنەکە "نەخۆشیی نوح"ـی هەیە کە تێیدا کەسی نەخۆش حەز بە کۆکردنەوە و راگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵ دەکات.
جگە لەو تۆمەتە، ژنەکە و هاوژینە 52 ساڵییەکەی رووبەڕووی "رێکارەکانی دەرکردن لە ماڵ" بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی قەرزی کرێی 8 هەزار و 665 دۆلاریان لەسەر ماوەتەوە.
دوو هاوژینەکە بە تۆمەتێکی هاوشێوە لە 2014 لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا و دەرکەوت لە شوقەیەکی ستۆدیۆی 18 مەتریدا 13 پشیلە و سەگێکیان لە ماڵەکەیان راگرتبوو.
دوای چەند ساڵێک لەو لێکۆڵینەوەیە و گۆڕینی شوێنی ژیانیان، ژنەکە 30 پشیلە رادەگرێت و پشیلەکانیش دەست بە زاوزێ دەکەن و ئێستا ژمارەیان 160 پشیلەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ