لە نەرویج خەریکە ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئۆتۆمبێلی سووتەمەنیی نەریتی زیاتر دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، نەرویج نزیکە لەوەی ببێتە یەکەمین وڵاتی جیهان کە ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی زیاتر ببێت لەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنیی نەریتی کاردەکەن.
 
بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و شرۆڤەکاران، ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە نەرویج لەزیادبوونە و، دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو، زیاتر بێت لەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنیی نەریتی کار دەکەن.
 
نەرویج هاوکات بەنیازیشە لە ساڵی داهاتوودا فرۆشی ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیانە قەدەخەبکات، کە بە سووتەمەنیی نەریتی کاردەکەن.
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، لە 10 ئۆتۆمبێلی نوێ، کە لەو وڵاتە ئەوروپییە فرۆشراون، 9ـیان ئۆتۆمبێلی کارەبایی بوون.
 
بەپێی ئاماری دەستەی رێگەوبانی نەرویج، تاوەکو 15ـی مانگی رابردوو، دوو ملیۆن و 900 ملیۆن ئۆتۆمبێل لەو وڵاتە تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیەش، 24.3٪ـیان ئۆتۆمبێلی کارەبایی و، 26.9٪ـشیان ئۆتۆمبێلی بەنزین بوون.
 
بەم پێیە، ئێستا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نەرویج بە بەنزین کاردەکەن، 760 هەزار ئۆتۆمبێل زیاترە لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان.
 
رۆبی ئاندرۆ، توێژەری باڵا لە دامەزراوەی "سیسرۆ"، کە تایبەتە بە توێژینەوە لە گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت "ئەگەر ئەم رەوتە لە 12 مانگی داهاتوودا وەک ئێستا بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو لەم کاتەی ئێستاماندا، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی لەسەر رێگەوبانەکانی نەرویج دەبن، زیاتر دەبێت لەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین کاردەکەن".
 
ئەو توێژەرە دەشڵێت "رەنگە ئەو گۆڕانکارییە پێش کۆتایی ئەمساڵیش ببێتە راستی." 
 
ئاندرۆ باس لەوەش دەکات، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نەرویج بە گازوایل کاردەکەن، نزیکەی 370 هەزار ئۆتۆمبێل زیاترە لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، بۆیەش رەنگە زیاتربوونی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەراورد بە ئۆتۆمبێلی گازوایل، سێ بۆ چوار ساڵ بخایەنێت.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەو زیادبوونە بەرچاوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەوەیە کە حکومەتی نەرویج ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی لە باج بەخشیوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە نەرویج وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز. هۆکاری ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەش هاندان و پاڵپشتیی وڵاتەکەیە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و سەرچاوەی وزەی پاک.
 
بەپێی ئامارە بەراییەکان، لە ساڵی رابردوودا وڵاتەکە رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
 
ئەگەر وڵاتانی دیکەش شوێنپێی نەرویج هەڵبگرن و هەمان هەنگاو بنێن، ئەوکات رەنگە زووتر لەوکاتەی پێشبینی دەکرێت، خواست لەسەر نەوت و بەکاربردنی کەمببێتەوە، چونکە 25٪ـی بەرهەمی نەوتی جیهان دەکرێتە نەوت و گاززاویل بۆ ئۆتۆمبێل، کە دەکاتە نزیکەی 25 ملیۆن بەرمیل نەوت کە رۆژانە لە سەرانسەری جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت.
 
بەپێی پێشبینیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پێش ساڵی 2030 خواست لەسەر نەوت و بەکاربردنی کەمدەبێتەوە.