فینلاند بە فەرمی بووە 31مین ئەندامی رێکخراوی ناتۆ

04-04-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵڕۆژی دامەزراندی رێکخراوی ناتۆدا، بەشێوەیەکی فەرمی فینلاند بووە بە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە و ئاڵای ئەو وڵاتە لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسڵ هەڵکرا. 
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2023، لە بنکەی سەرەکیی رێکخراوی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە رێکخراوەکە راگەیاند. 
 
یانس ستۆڵتنبێرگ دوای راگەیاندنی فینلاند بە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە، گوتی، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوییە بۆ هەموو ئەندامانی رێکخراوەکە، فینلاند هێزێکی گەورە بە رێکخراوەکە دەبەخشێت. ئێستا فینلاند بەهێزترین هاوپەیمانی لە جیهاندا هەیە."
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی، "پووتین دەیویست کۆتایی بە ناتۆ بهێنێت، ئێمە ئەمڕۆ نیشانماندا کە ترس و شەڕانگێزی کار لە ئێمە ناکات و دەمانەوێت بەزوترین کات پێشوازی لە ئەندامێتیی سوێدیش لە رێکخراوەکە بکەین."
 
ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند رایگەیاند، "فینلاند و هاوپەیمانەکانی کار بۆ ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەکەن."
 
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
 
تورکیاش وەکو یەکێک لە ئەندامی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەن داواکاریی فینلاند و سوێد بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسەند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە بە تایبەتی سوێد ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بووە.
 
رێکخراوی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت و فینلاند دەبێتە 31مین ئەندام. بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.