ترەمپ لە نیویۆرک دەچێتە بەردەم دادوەر

04-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەمڕۆ لە نیویۆرک پرۆسەی دادگاییکردنەکەی دەست پێدەکات و لە یەکەم هەنگاویشدا لەبەردەم دادوەر ئامادە دەبێت. ملیاردێرە 76 ساڵییەکە، هەفتەی رابردوو، ژمارەیەک تۆمەتی بە فەرمیی ئاراستەکران.
 
تۆمەتەکان پەیوەندییان بەو پارەیەوە هەیە کە ترەمپ لە ساڵی 2016 لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵـمەتی هەڵبژاردنەکان بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکانی داوە بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات و باسی پەیوەندییە نهێنییەکەیان نەکات. 
 
ترەمپی کۆماری کە وەک بەربژێرێکی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆی راگەیاندووە، یەکەمین کەسە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکای وەرگرتبێت و بەفەرمی تۆمەتی تاوانێکی درابێتە پاڵ.
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیەوە رایگەیاند: "بڕوا بکەن یان نا، من دەڕۆمە دادگە. نەدەبوو ئەمریکا بەم شێوەیە بێت. داواکارە گشتییە گەندەڵەکە هیچ دۆسیەیێکی نییە. ئەوەی هەیەتی هۆڵێکە کە ئەستەمە من تێیدا دادگەییکردنێکی دادپەروەرانەم هەبێت."
 
وەکو بەشێک لە رێکارەکانی دادگاییکردنی، ترەمپ رۆژی سێشەممە دەستبەسەردەکرێت، پەنجەمۆرەکانی وەردەگیرێن و وێنەکانی دەگیرێن کە چاوەڕێدەکرێت وێنەکان ببنە بەناوبانگترینی سەردەم، کە لە تۆمەتبارێک گیرابن. 
 
ترەمپ کە بڕیارە رۆژی سێشەممە کاژێر 8:15 خوولەکی ئێوارە بە کاتی نێوخۆ (3:15 خوولەکی بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر) گوتارێک پێشکێشبکات، رێکارە یاساییەکانی دژی خۆی بە "هەڵمەتی ناوزڕاندن" و "چەوساندنەوەی سیاسی" ناودەبات.   
 
رێوشوێنە ئەمنییەکان تووندکراون
 
فەرمانگەی پۆلیسی نیویۆرک ئاستی ئامادەیی خۆی بەرزکردووەتەوە، وەک ئامادەکاریێک بۆ خۆپێشاندانی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ. 
 
پۆلیسی شارەکە داوای لە 36 هەزار ئەندامەکەی کردووە ئامادەی کارکردن و جێگیرکردن بن، ئەمە بەگوێرەی میدیای ئەمریکی.
 
دەستبەسەرکردنەکە وەکو پڕۆسەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام هیچ نەخشەڕێگەیەکی تایبەت نییە بۆ سەرۆکێکی پێشووی ئەمریکا خۆی بە دەست دادگەوە بدات. 
 
تائێستاش روون نییە کە ئایا ترەمپ، کە بە جووڵە چاوەڕواننەکراوەکانی بەناوبانگە، شوێن رێکارەکان دەکەوێت یان رێگەیەک بۆ بازدان دەدۆزێتەوە. جۆ تاکۆپینا، پارێزەری ترەمپ بە میدیای ئەمریکای گوتووە: "هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە."
 
تاکۆپینا ئاماژەی بەوە کردووە، پێناچێت ترەمپ بە کەلەپچەوە بە بەردەم کامێراکاندا ببردرێت، چونکە سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە و لەژێر پاراستنی هێزە ئەمنییە نهێنییەکانی ئەو وڵاتەدایە. 
 
پارێزەری ترەمپ گوتیشی: "بەو هیوایەی کە ئەم شتە زۆر بێ ئازار و بە باشی شێوەیەکی گونجاو بەڕێوەبچێت،" بە گوتەی خۆی، ترەمپ ئامادەیە بەرهەڵستی تۆمەتەکان بێتەوە. 
 
ئەگەرچی وردەکاریی تۆمەتەکان هێشتا ئاشکرا نەکراون، ئەو دۆسیەی لە لایەن ئەڵڤن براگ، داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن کراوەتەوە دژی ترەمپ کراوەتەوە، پەیوەندیی بەو 130 هەزار دۆلارەوە هەیە کە ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016 بە ستۆرمی دانیێڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکانی داوە.
 
مایکڵ کۆهن، هاوڕێ و پارێزەری پێشووی ترەمپ، کە لەو کاتەوە لێی هەڵگەڕاوەتەوە، لە بەردەم کۆنگرێس سوێندی خوارد، کە سەرپەرشتیی پارەدانەکەی کردووە بۆ ئەوەی ژنەکە نهێنیی پەیوەندیی سێکسیی نێوان خۆی و ترەمپ کە ساڵی 2006 هەیانبووە، نەدرکێنێت. 
 
ترەمپ کە ئەو کات ژیانی هاوژینی لەگەڵ میلانیا پێکهێنابوو، رەتیدەکاتەوە پەیوەندییەکی لەو جۆرەی لەگەڵ ستۆرمی دانیێڵزدا هەبووبێت، بەڵام دۆسیەی ژنەکە تەنیا یەکێکە لە ژمارەیەک دۆسیە کە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ترەمپ. 
 
هەڵوێستی کۆمارییەکان
 
داواکارێکی گشتیی سەربەخۆ، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی سالی 2021 دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا ترەمپ هیچ رۆڵێکی لە رووداوی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێسدا هەبووە یان نا، جگە لەوە، لێکۆڵینەوە لە بردنی بەڵگەنامە نهێنیەکان دوای بەجێهشتنی کۆشکی سپی لەلایەن ترەمپەوە دەکات. 
 
هەروەها لە ویلایەتی جۆرجیا، لێکۆڵینەوە لە ترەمپ دەکرێت لەسەر دەنگۆی گوشارکردنی لە بەرپرسانی ویلایەتەکە بۆ ئەوەی بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 لە بەرژەوەندیی ئەودا بگۆڕن، بۆ ئەوەش تۆمارێکی پەیوەندیی تەلەفۆنی هەیە کە تێیدا ترەمپ داوا لە سکرتێری ویلایەتەکە دەکات دەنگی پێویست بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان "بدۆزێتەوە."
 
بایدن کە دەزانێت ئەگەر هەرشتێک بڵێت دەبێتە هۆی زیادبوونی رەخنەکانی ترەمپ بەوەی سیستمی دادوەریی ئەمریکا "وەکو چەک" لە دژی بەکاردەهێنرێت، یەکێکە لەو دیموکراتە کەمانەی تائێستا بێدەنگی بەرامبەر بە تۆمەتباربوونی رکابەرە سیاسییەکەی هەڵبژاردووە. 
 
کۆمارییەکان زۆربەیان پشتگیری ترەمپ دەکەن، بە رۆن دێسانتیسی حاکمی ویلایەتی فلۆریداشەوە، کە چاوەڕواندەکرێت یەکێک بێت لە رکابەرەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی داهاتوو. 
 
بەڵام بەشێک لە کۆمارییەکان دژی ئەوەن سەرۆکێک کە دوو جار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابێت و سەرکۆنەکرابێت و رووبەڕووی چەندین لێکۆڵینەوەی یاسایی بووبێتەوە، دووبارە ببێتەوە بە بەربژێری پارتەکەیان. 
 
ئاسا هەچینسن، حاکمی کۆماریی پێشووی ئەرکەنساس، کە رۆژی یەکشەممە بەربژێربوونی خۆی راگەیاند، داوای لە ترەمپ کرد واز لە رکابەریەکە بێنێت و دەستبەرداری بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.