ئەمازۆن بەشێک لە شۆفێرەکانی ناچارکردووە میز بکەنە بووتڵەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی داوای لێبووردنی لە مارک پۆکان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرد دوای ئەوەی لە تویتێکدا بۆیان نووسیبوو "ئەگەر قسەکەی ئەو راست بێت، هیچ کەسێک کاریان بۆ ناکات."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانە مانگی رابردوو سەرکۆنەی کۆمپانیای ئەمازۆنی کرد بەوەی هەندێکجار شۆفێرەکانی ناچار دەکات لەکاتی گەیاندنی داواکارییەکان، میز بکەنە بووتڵەوە، نەک لە سەرئاودا کات بەفیڕۆ بدەن. 
 
بە گوتەی مارک، ئەو کارە بەهۆی زۆریی داواکاریی کۆمپانیاکەیە لەسەر شۆفێران. بەڵام کۆمپانیای ئەمازۆن لە وەڵامدا دەڵێت، "ئاگادارین کە شۆفێرەکان هەندێکجار ناتوانن سەرئاو بدۆزنەوە، ئەوەش بەهۆی ترافیک یان دووریی رێگەکانەوە بێت."
 
کێشەکە بە گوتەی ئەمازۆن لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زیاتر بووە، "چونکە سەرئاوە گشتییەکان بەشێکی زۆریان داخراون."
 
نزیکەی پێنج هەزار و 800 کرێکاری ئەمازۆن دەیانەوێت یەکێتییەک دروست بکەن، ئەمازۆنیش دژی ئەو هەوڵەیە. ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەنێو ئەو کەسانەدایە کە پاڵپشتیی ئەو کرێکارانە دەکەن. 
 
مارک پۆکان لە کۆتاییەکانی مانگی ئادار لە تویتەر نووسیبووی، "پێدانی 15 دۆلار بۆ هەر کاژێرێکی کارکردن مانای ئەوە نییە شوێنی کارەکەتان بۆ کرێکارەکان باشکردووە.. کاتێک ئێوە وا لە کرێکارەکانتان دەکەن میز بکەنە نێو بووتڵەوە."
 
ئەمازۆن لە تویتێکدا وەڵامی مارکی دایەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو، "تۆ بەڕاستی باوەڕ بەو چیرۆکە ناکەیت کە کرێکارەکان میز بکەنە بووتڵەوە، ئەگەر ئەوە راست بووایە، کەس کاری بۆ ئێمە نەدەکرد."
 
ئەمازۆن رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تویتەی کە کردوویانە تایبەت بووە بە ناوچەیەکی دیاریکراو و ئامانجی کەسێکی دیاریکراو، زۆریی ژمارەی شۆفێرەکانیان لە ناوچەکانی دیکە لەبەرچاو نەگرتووە. 
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئامادەن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، "تاوەکو ئێستا نازانین چۆن، بەڵام بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین."