رووداو دیجیتاڵ
زیلینسکی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئاگربەست رادەگەیێنێت و داوا لە رووسیا دەکات لە ئاسمان و لە دەریا ئاگربەست رابگەیێنێت.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "هیچ یەکێک لە ئێمە خوازیاری جەنگێکی نەبڕاوە نین. ئۆکراینا ئامادەیە بە زووترین کات بچێتە سەر مێزی دانوستاندن... کەس هێندەی ئۆکراینییەکان ئاشتیخواز نییە. من و تیمەکەم ئامادەین لەژێر سەرکردایەتی بەهێزی سەرۆک ترەمپ کار بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام بکەین."
زیلینسکی لەبارەی قۆناخەکانی ئاگربەستەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەکرێت وەکو قۆناخی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، رووسیا بەندکراوە ئۆکراینییەکان ئازاد بکات و ئاگربەست لە ئاسمان رابگەیێنێت کە خۆی لە راگرتنی هێرشە مووشەکییەکان، هێرشە درۆنییەکان و بۆمبارانکردنی ژێرخانی وزە و شارستانی دەبینێتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا داواش دەکات، رووسیا ئاگربەستی دەریایی لەگەڵ ئۆکراینا رابگەیێنێت و هێرشەکانی لە دەریاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە رابگرێت.
زیلینسکی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی لەسەر رووسیا کردووەتە مەرج و دەڵێت، "ئەگەر رووسیا ئەمانە جێبەجێ بکات، ئەوکاتە ئێمە زۆر بە خێرایی بەرەو قۆناخی دووەم دەڕۆین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا کار لەسەر رێککەوتنی کۆتایی بکەین."
سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە "یارمەتییەکانیان بۆ سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا بەردەوام بووە."
لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینیشی لەگەڵ ترەمپ، زیلینسکی دەڵێت، "کۆبوونەوەکەمان لە کۆشکی سپی بەو ئاراستەیە نەڕۆیشت کە ئێمە دەمانویست، جێگەی داخە کە کۆبوونەوەکە ئەو ئاراستەیەی وەرگرت. ئێستا کاتی ئەوەیە شتەکان راست بکەینەوە. ئێمە چاومان لەوەیە هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانمان لە داهاتوودا بنیاتنەرانە بن."
زیلینسکی دەڵێت، "ئۆکراینا ئامادەیە هەر کات و بە هەر فۆرمێکی گونجاو ئەم رێککەوتنە واژۆ بکات. ئێمە ئەو رێککەوتنە وەکو هەنگاوێک بەرەو ئاسایشی زیاتر و گەرێنتییەکی ئەمنیی تۆکمە دەبینین."
گوتەکانی زیلینسکی دوای ئەوە هات، ئیدارەی ئەمریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا راگرت.
راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە؛ پێشتر چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی گفتوگۆی راگرتنی هاوکارییەکانیان نەکردووە، بەڵام رەتیشی نەکردووەتەوە ئەو هاوکارییانە رانەگیرێن.
لەدوای دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن لە مۆسکۆ نزیک بووەتەوە.
بەرپرسانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیانەوێت ئۆکراینا بە زووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت، ئۆکراینا نیگەرانە و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، ئامادەن گفتوگۆی ئاگربەست و رێککەوتن بکەن، ئەو کاتەی بەڵێنی پاراستنی ئاسایش و بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ