رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئاخنی ئەڵمانیا ژنێکی بەتەمەن چووەتە نێو نەخۆشخانەیەک و یاریی ئاگرینی تەقاندووە، گومان دەکرێت چەکدار بێت و چەند کەسێکی بەبارمتە گرتبێت، بەو هۆیەوەش، داوای هاوکاری لە پۆلیسی کۆڵن کراوە.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، چەکدارێک چووەتە نێو نەخۆشخانەی لویزن و چەند کەسێکی بە بارمتە گرتووە، هێزیکی زۆری پۆلیس لە نزیک نەخۆشخانەکە جێگیر کراون و داوای هێزی دیکەش لە کۆڵن کراوە.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ژنێکی چەکدار چووەتە نێو نەخۆشخانەکە و هەڕەشە لە چارەخوازانی نێو نەخۆشخانە دەکات و بە بارمتە گرتوونی.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاخن دەڵێت، "پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئێستا لە نەخۆشخانەی لویزن. ئاماژە هەیە کە دۆخەکە مەترسیدار بێت و پێویستە خەڵک خۆیان لە ناوچەکە بەدوور بگرن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە".
پۆلیسی ئاخن دەشڵێت، "سەرجەم شەقامەکانی نزیک لە نەخۆشخانەکەمان داخستووە و پۆلیس لە تەواوی ناوچەکە بڵاوەی پێکراوە."
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لە بەردەم نەخۆشخانەکە لە ئاخن گوتی، تۆمەتبارەکە ژنێکی تەمەن 60 بۆ 65 ساڵە، چووەتە نێو نەخۆشخانەکە، یارییەکی ئاگرینی لەو جۆرانەی کە دووکەڵ دەردەدەن، بەکارهێناوە.
وەکو پەیامنێری رووداو دەڵێت، پۆلیس ئەڵمانیا پشتڕاستیکردووەتەوە، ژنەکە خۆی لەنێو نەخۆشخانەکەدا حەشارداوە و گومان دەکرێت چەکی پێبێت، بەڵام پۆلیس دڵنیا نەبوونەتەوە لەوەی کە ژنەکە کەسی بە بارمتە گرتبێت یاخود نا.
شەقامەکانی بەرەو نەخۆشخانەکە دەچن گیراون و تەنیا رێگە بە میدیا، ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەدرێت بچنە دەوروبەری نەخۆشخانەکە.
زنار شینۆ دەشڵێت، هێزەکانی پۆلیس و ئەمبوڵانسیش لە کۆڵنەوە چوونەتە ئاخن و بەردەوام دەنگی ئەمبوڵانس لەوێ دەبیسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ