دادگەی باڵای ئەمریکا: ترەمپ دەتوانێت لە کۆلۆرادۆ ببێتە بەربژێری سەرۆکایەتی

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاری دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە و بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، مافی خۆبەربژێرکردنی لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەبێ. بەوەش هیچ لەمپەرێکی لەبەردەم نامێنێت بۆ ئەوەی کێبڕکێ بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بکات. 
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، دادگەی ئەمریکا رایگەیاند، هەر نۆ دادوەرەکەی دادگەی باڵا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەستووری ئەمریکا رێگە بە هیچ ویلایەتێک نادات، بەربژێرێکی سەرۆکایەتی لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە بێبەش بکات و گوتی، بەرپرسیارێتییەکی لەو شێوەیە "لە ئەستۆی کۆنگرێسدایە نەک ویلایەتەکان".
 
لە راگەیێندراوەکەی دادگەی باڵای ئەمریکادا هاتووە: "هەر نۆ ئەندامەکەی دادگەی باڵا هاوڕان لەسەر ئەوەی، دادگەی باڵای کۆلۆرادۆ ناتوانێت رێگری لە بەشداری ترەمپ لە هەڵبژاردن بکات". 
 
دوای بڕیارەکەی دادگەش، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) بڕیارەکەی دادگەی بە "بردنەوەیەکی گەورە" ناوبرد و گوتی: "بردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەمریکا!"
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، دادگەی باڵای کۆلۆرادۆ بڕیاری دا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناتوانێت وەک بەربژێری پارتەکەی، خۆی لە ویلایەتەکە بەربژێر بکات و بەوە تۆمەتباری کردووە، کە لە هێرشکردنە سەر کۆنگرێس تێوەگلاوە.
 
بڕیارەکەی دادگە تەنیا بۆ هەڵبژاردنی ئاداری ساڵی داهاتووی کۆمارییەکان بوو لەو ویلایەتە، کە تێیدا کۆمارییەکان بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵدەبژێرن.
 
دوای بڕیارەکەی دادگەش ترەمپ بڕیارەکەی بە "نادیموکراسی" ناوبرد و گوتی، تانە لە بڕیارەکەی دادگەی کۆلۆرادۆ دەدات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، ویلایەتی مەینی ئەمریکا بووە دووەم ویلایەتی ئەو وڵاتە، بڕیاری دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەساڵی 2024 بدات.
 
هەردوو ویلایەتەکە دەڵێن، مادەی 14ی دەستووری ئەمریکا سەرچاوەی بڕیارەکانیانە کە "رێگە بە هیچ کەسێک نادات خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات ئەگەر دەستی هەبووبێت لە دروستکردنی ناسەقامگیریی و پێشێلکاریی دژی وڵاتەکە."
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن دوو بەربژێری سەرەکی بوون.
 
دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند و دوای ئەوەش داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقام و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ نەکەن و لە 6-1-2021 بەشێک لەلایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکویاتە سەر کۆنگرێس.
 
ترەمپ چەند تۆمەتێکی دیکەی دراوەتە پاڵ، کە بریتین لە بەلاڕێدابردن، دەستوەردان و رێگریی لەبەردەم هەڵبژاردن و بەشێکی ئەوانیش پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسەوە لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 هەیە.
 
ترەمپ کە بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون بە"بێ بنەما" ناودەبات و بە دەستوەردانی سیاسیی هەڵبژاردن ناویان دەبات. 
 
بەگوێرەی نوێترین راپرسی، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمریکا.