یەکێتیی ئەوروپا Apple بە دوو ملیار دۆلار سزا دەدات

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی ئەوروپا کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی بە 1.8 ملیار یۆرۆ ( 2 ملیار دۆلار) سزا دا، هۆکارەکەش "پێشێلکردنی یاسای رکابەرییە".
 
سزاکە لەسەر سکاڵایەکی کۆمپانیای سپۆتیفای-ی سوێدی بووە کە کۆمپانیای ئەپڵی بە سنووردارکردنی کار و چالاکییەکانی لە ئەپ ستۆر تۆمەتبار کردووە.
 
سپۆتیفای کۆمپانیایەکی سوێدییە لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە؛ بارەگای سەرەکیی لە ستۆکهۆڵمە و لە رێگەیەوە بەکارهێنەرانی گوێ بۆ ملیۆنان گۆرانی دەگرن.
 
سزاکە لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، باڵی جێبەجێکاریی یەکێتییەکە دراوە.
 
ئەوەش لە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکانیی کۆمسیۆنەکە بەو ئەنجامە گەیشتن کە کۆمپانیای ئەپڵ "رێگری" لە سپۆتیفای کردووە ئازادانە لە ئەپستۆرەکەی کار بکات. 
 
ئەوەش بە گوتەی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا "پێشێلکردنی روونیی سیاسەتی رکابەریی ئازادانەی بازاڕە".
 
لە سکاڵاکەی سپۆتیفای-دا هاتووە: "رێگرییەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لەوەدا بووە رێگەیان بە سپۆتیفای نەداوە بە بەکارهێنەرەکانیان لەسەر ئایفۆن و ئایپاد بڵێن کە چۆن دەتوانن سەبسکرایبی خزمەتگوزارییەکان بکەن و لە ئەگەری بوونی کێشەیەک لە سەبسکاریبکردن چۆن دەتوانن رێگەی دیکە بەکاربهێنن".
 
بەگوتەی سپۆتیفای، ئەپڵ لەو بارانەدا ئەو بژاردانەی نەخستووەتە بەردەم بەکارهێنەرانی سپۆتیفای و رێگەی بۆ ئەوە خۆشکردووە کە بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد پەنا بۆ خزمەتگوزاریی کۆمپانیای ئەپڵ بەرن، کە ئەویش ئەپڵ میوزیکه.
 
ماوەیەکی زۆرە خزمەتگوزاریی سپۆتیفای و کۆمپانیاکانی دیکەش رەخنەی تووند لە ئەپڵ دەگرن بەوەی بەربەستی زۆر لەبەردەم ئەو خزمەتگوزارییانەدا لە نێو ئەپستۆر دادەنێت.
 
ئەوەش وەک دانانی 30٪ باج لەسەر بەکارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییانە لە نێو ئەپ ستۆر بۆ بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو کۆمپانیای ئەپڵ بەڵێنی دا رێگە بە بەکارهێنەرانی ئایفۆن و ئایپاد بدات بەرنامەی کۆمپانیاکانی دیکە وەک سپۆتیفای، لە دەرەوەی ئەپ ستۆر داونلۆد بکەن، ئەوەش لە دوای دەرکردنی یاسای "دی ئێم ئەی" ئەوروپی بۆ کەمکردنەوەی قۆرخکاریی لەلایەن گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیی جیهان وەک ئەپڵ، مایکرۆسۆفت و مێتا.