رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی شاری دانکیخی بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە ژێرئاوکەوتنی ئەو کەشتییەی بووە هۆی خنکانی منداڵە کۆچبەرێک لە نۆکەندی ئینگلیز سێ کەس دەستگیرکران.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئاداری 2024، داواکاری گشتیی شاری دانکیخی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ئەو سێ گومانلێکراوەی دەستگیرکراون لەسەر هەمان ئەو بەلەمە بوون کە دوێنێ بە دووری 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا ژێرئاوکەوت.
دەشڵێت، "پێویستە ئەو گرووپە بدۆزینەوە کە بەرپرس بوون و بوونە هۆی رووداوەکە."
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دامودەزگاکانی فەرەنسا رایانگەیاند، بەلەمێکی بچووک بە 16 کۆچبەرەوە لە نۆکەندی ئینگلیز سەراوژێر بوو.
بەلەمەکە لە باکووری فەرەنساوە بەڕێکەوتبوو؛ لە ئەنجامی سەراوژێربوونی بەلەمەکە کچێکی حەوت ساڵان خنکا.
ئەو 16 کەسەی لەنێو بەلەمەکە بوون 10یان تەمەنیان حەوت بۆ 13 ساڵان و شەشەکەی دیکەشیان پێگەیشتوو بوون.
بەرپرسانی فەرەنسا گوتیان، شایەتحاڵێک تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کردووە و لە رووداوەکە ئاگاداریکردوونەتەوە.
دوای ئەوە پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکان بەهانایانەوە چوون.
دایک و باوکی کچەکە کە سێ منداڵی دیکەشیان لەگەڵدا بووە، گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری دانکیخی باکووری فەرەنسا.
بەگوێرەی بەرپرسانی دەریاوانیی فەرەنسا، تەنیا شەوانی پێرێ شەو و دوێنێ شەو لانیکەم 78 کۆچبەریان رزگارکردووە کە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە هەوڵی گەیشتنیان بە بەریتانیا داوە.
رووداوی ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمەی کۆچبەران دوای ئەوە دێت کە چوارشەممەی رابردوو لە نۆکەندی ئینگلیز بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی تورک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنیا شوباتی ئەم ساڵ لە نۆکەندی ئینگلیزەوە 670 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەکە 29 هەزار و 437 کۆچبەر بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ