ئەمریکا: کەمیی رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاماژەیەکی دیکەی دەربڕینی ناڕەزایەتییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رایگەیاند کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی 1ـی ئەم مانگەی ئێران، شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبووە و ئاماژەیەکی دیکەشە بەوەی خەڵک ناڕازییە لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە.
رۆژی دووشەممە، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند: "پێموانییە هیچ گومانێک لەوەدا هەبێت کە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتداران هەبێت".
میلەر گوتی: "ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە نەکرد کە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بێت و لەوبڕوایەشدام کە زۆر لە دەنگدەرانی ئێرانی هەڵسەنگاندنیان بۆ هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە نەبووە، بۆیە لەوڕووەوە، ئەوە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو بۆ من کە خەڵک بڕیاریدا بەشدار نەبێت".
رۆژی دووشەممە، بەرپرسانی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایانگەیاند، نزیکەی 25 ملیۆن کەس بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە کە دەکاتە 41٪، ئەمەش کەمترین رێژەی بەشداریکردن بووە لە هەڵبژاردنەکانی ئێران لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەساڵی 1979.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی بایدن هیچ هەڵسەنگاندێکی بۆ هەڵبژاردنەکان نەکردووە و گوتی: "بانگەشەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لەبارەی رێژەی بەشداریکردن بەشێوەیەکی گشتی متمانەپێکراو نەبووە".
رۆژی هەینی، 1ـی ئاداری 2024، دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەرێوەچوو.
بەگوێرەی موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، لەکۆی 290 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، 45 کورسی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان یەکلادەبنەوە کە بڕیارە لە مانگی نیسان یان مانگی ئایار بەڕێوەبچێت، لەنێویشیان 16 کورسی شاری تارانی پایتەخت.
لەساڵی 2020 لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمینی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا 42.57٪ بوو.