رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پەرلەمانی چین رایگەیاند، گرنگ نییە لایان کێ تشرینی دووەمی داهاتوو دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا و ئەوەی لایان گرنگە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ ئەو وڵاتە.
رۆژی دووشەممە 4ی ئاداری 2024 لۆو چینجان، گوتەبێژی پەرلەمانی چین لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، "بابەتێکی ناوخۆیی ئەمریکایە و گرنگ نییە کێ دەبێتە سەرۆک، هیوادارین کە ئەمریکا بە هەمان ئاراستەی چین کار بکات و پەیوەندییەکی تەندروست، سەقامگیر و بەردەواممان هەبێت."
گوتەبێژی پەرلەمانی چین ئاماژەی بەوەش کرد، هەمووان چاودێریی بەرەوپێشچوون و سەقامگیربوونی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکان و لەو بابەتە "هەڵویستی چین نەگۆڕە."
ئەو گوتانەی گوتەبێژی پەرلەمانی چین لەکاتێکدایە، ئێستا هەڵبژاردنی ناوخۆیی ویلایەتەکانی ئەمریکا بۆ دیاریکردنی بەربژێرانی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. دیارترین دوو بەربژێریش بریتین لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەهێزترین پاڵێوراو بۆ بوون بە بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و نزیکترین پاڵێوراو بۆ بوون بە بەربژێری کۆمارییەکان.
بەگوێرەی دوایین راپرسیی هاوبەشی نیویۆرک تایمز و کۆلێژی سیێنای ئەمریکی دەریدەخات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە 48% بەرامبەر 43% لەپێش جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەوەیە. بڕیارە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
چەند ساڵێکە پەیوەندییەکانی واشنتن و پەکین گرژییان تێکەوتووە؛ هۆکارەکانیش بریتین لە کێشەی تایوان، دەریای باشووری چین، مافەکانی مرۆڤ، تەکنەلۆژیا و بازرگانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ