ئەمریکا بۆ حەماس: بە ئاگربەستی دەستبەجێ رازیبە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە حەماس دەکات رازیبێت بە "ئاگربەستی دەستبەجێ" لەگەڵ ئیسرائیل و داوا لە تەلئەڤیڤیش دەکات، کاری زیاتر لەپێناو گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بە دانیشتووانی کەرتی غەززە بکات.
 
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بە رەچاوکردنی ئاستی ئازارچەشتن لە کەرتی غەززە، پێویستە ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەبێت." هەروەها دەشڵێت، "رێککەوتنێک لەسەر مێزی گفتوگۆیە و پێویستە حەماس بەو رێککەوتنە رازی ببێت."
 
بە ئاماژەکردن بە برسێتی و خراپیی دۆخی مرۆیی لە غەززە جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، "دانیشتووانی غەززە برسین و بارودۆخ و مرۆڤایەتیمان ناچار بە کارکردنمان دەکات." هەروەها، "پێویستە حکومەتی ئیسرائیل کاری زیاتر بکات بۆ گەیشتنی هاوکاریی زیاتر؛ ئەمەش بەبێ هیچ بیانوو هێنانەوەیەک."
 
ئەو گوتانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێن، پێرێ شەممە، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئیسرائیل "بە جۆرێک لە جۆرەکان" رازی بووە بۆ ماوەی شەش هەفتە جەنگی سەر غەززە بوەستێنێت و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسە بۆئەوەی بارمتەکان ئازاد بکات تاوەکو ئاگربەستەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتن هەیە. ئیسرائیلییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پێی رازی بوون."
 
بڕیاربوو پێرێ، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستەکە، شاندێکی حەماس سەردانی قاهیرە بکات. هەروەها، سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوە فەلەستینییەکە گوتی، شاندەکە "وەڵامی فەرمیی" ئەو پێشنیازە دەداتەوە کە مانگی رابردوو لە پاریس لەگەڵ ئیسرائیلییەکان تاوتوێ کرابوو.
 
نێوەندگیرە میسری، قەتەری و ئەمریکییەکان ماوەی چەندین هەفتەیە هەوڵدەدەن حەماس و ئیسرائیل بگەیێننە رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی پێش مانگی رەمەزان شەڕ بوەستێت. 
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، "کە زۆربەیان سڤیل بوون." بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەو رۆژەی حەماس هێرشەکەی کرد لانیکەم 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کەوتنە دەست ئەو گرووپە چەکدارە و ئیستا 130یان لاماون. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوتەی تەندروستی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 30 هەزار و 500 کەس کوژراون و 71 هەزار و 700ی دیکەش بریندار بوون.