سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا: مەترسییەکان شایانی ئەوەن هێزەکانمان لە سووریا بمێننەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا دەڵێت، مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، شایانی ئەوەن هێزەکانیان بەهۆیانەوە لەو وڵاتە بمێننەوە.
 
مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ (شەممە، 4ـی ئاداری 2023) بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە سووریا و یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان کە دەکاتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەسەرکردەوە.
 
مارک میلی سەردانی سووریای کرد بۆ هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی ئەو هەوڵانەی کە واشنتن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەیدات و بەپێویستی دەزانێت هێشتا هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بمێننەوە.
 
ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا بۆ سووریا، خوێندنەوەبوو بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی ئەگەری هەیە رووبەڕووی ببنەوە، لەنێویاندا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
 
هەرچەندە داعش رۆژگارێک لە دوای 2014ـەوە یەک لەسەر سێی خاکی سووریای لەژێر کۆنتڕۆڵدا بوو و، ئێستا بە فەرمی وەکو بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن بستێک خاکیان لەژێر کۆنترۆڵدا نەماوە، بەڵام هێشتا چەکدارەکانیان لە ناوچە دابڕاوەکاندا خۆیان شاردووەتەوە و ناوە ناوە هێرش دەکەن.
 
هاوکات هەزاران چەکداری داعش هێشتا لە گرتووخانەکان لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـوە دەستبەسەرن.
 
واشنتن دەڵێت، هێشتا سەرهەڵدانەوەی داعش مەترسیێکی گەورەیە.
 
لە سەردانە رانەگەیێندراوەکەی لەلایەن رۆژنامەنووسان پرسیاری لێکرا ئایا مانەوەی هێزەکانییان شایەنی ئەو مەترسی و سەرکێشییەن کە لە سووریا هەیە، مارک میلی وەڵامی دایەوە و گوتی" ئەگەر پێتانوایە ئەمە گرنگە، ئەوا وەڵامەکە بەڵێیە".
 
سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا گوتی، "من پێموایە گرنگە، پێموایە تێکشاندنی یەکجارەکی داعش و بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکان بۆ دۆست و هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە، ئەرکی گرنگن و پێویستە بە ئەنجام بگەیەنرێن".