نیگارکێشێکی کورد ئەوروپییەکان بە مۆزایکەکانی سەرسام دەکات


رووداو دیجیتاڵ

رۆدی خەلیل، نیگارکێشێکی کوردی دیاسپۆرانشینە کە ئەوروپییەکانی بە رەنگە ئاڵ و واڵاکانی مۆزایکەکانی سەرسامکردووە. ئەو خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە ئەڵمانیا دەژی، شێوەکار و مۆزایستە. 
 
ئەو نیگارکێشە مۆزایک بۆ پرسەکانی پەروەردەیی و دەروونی بەکاردەهێنێت. رۆدی خەلیل باسی یەکێک لە تابلۆکانی بۆ رووداو کرد و گوتی، چاو، ماسی و زەمبوور و زۆر شتی دیکەیشی تێدا بەکارهێناوە و هەوڵیداوە بەیەکەوە گرێیان بدات. دەشڵێت، بەشێک لە بەردەکانی لە مەغریبەوە هێناوە و کاری پێکردووە.
 
رۆدی لە هەڵبژاردنی رەنگ و کەرەستەکاندا نوێگەری دەکات و رەنگەکانی لە؛ گوێز، هەنار، پرتەقاڵ و خۆڵ دروستدەکات و دەڵێت، زۆرینەی رەنگەکان بەخۆی دروستی دەکات و ئەوانی دیکەیش لە وڵاتانی دیکەوە هەناردەی دەکات وەکو مەغریب، میسر، تورکیا و کوردستان.
 
هونەری مۆزایک لایەنێکی دیکەی بەهێزی ئەو نیگارکێشە کوردەیە، هەروەها چەندین منداڵ فێری ئەو کارەی دەکات و پێیوایە ئەوە رێگەیەکی پەروەردەیی و دەروونییە. رۆدی لەوبارەوە گوتی، لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکانە کار دەکات کە نەخۆشن یان قوتابییان لە قوتابخانەکانی ئەڵمانیان، هەروەها لەگەڵ کەسانی ئەکادیمیش کار دەکات.
 
مۆزایک هونەرێکی باڵکێشی یاریکردن بە فۆرم و رەنگە و وردەکاری و وەستاییەکی باشی دەوێ. رۆدی خەلیل سەلماندوویەتی تێیدا وەستایە. لە چەندین شوێنی شاری ڤێستەرشتێتە، بەرهەم و نیگارەکانی رۆدی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان دەبینرێت. رۆدی خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 2000 چووەتە ئەڵمانیا و لەوکاتەوە لەوێ دەژی.