سعودیە هەڵمەتێک دژی قەڵەوی رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خواردنی قۆزی و کەبسەوە، قەڵەوی ساڵانە 3.8 ملیار دۆلار زیان بە سعودیە دەگەیێنێت، لەبەرئەوە حکومەتی ئەو وڵاتە ناچاربووە هەڵمەتێک دژی قەڵەوی رابگەیەنێت و بەڵێنی داوە تاوەکو ساڵی 2030، کەمی بکاتەوە.
 
رێستۆرانتێک لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە، بە یەکێک لە شوێنەکانی هەڵمەتە گەورەکەی سعودیە هەژمار دەکرێت، کە چەوری لە خۆراکەکانیدا نییە و تەنیا خواردنی تەندروستی لێ ئامادە دەکرێت.
 
عەسیم شەمەری، راوێژکاری داراییە و یەکێکە لەوانەی لەو رێستۆرانتە خۆراک دەخوات. ئەو، دەڵێ "کە سێ، چوار رۆژ دەستم بە خواردنی تەندروست کرد، هەستم کرد باشترم لە رووی گازاتەوە. کە دەستم بە خواردنی خێرا و کەبسە کردەوە، هەستم بە تەمبەڵی کرد. کە دەستم بە خواردنی تەندروست کردەوە، دووبارە لەکاتی کارکردندا وزەم زیاتربوو؛ بیرۆکەکەم بەدڵ بووک، کێشی لەشیشم کەمیکرد".
 
بازاڕی رێستورانتەکە گەرمە و لەوەدەچێت سعودییەکان دەستیان دابێتە خواردنی تەندروست. زۆربەی ئەوانەی روودەکەنە رێستۆرانتەکەی باسل، کێشی لەشیان سەرووی 100 کیلۆیە، بەڵام خۆراکی تەندروست کێشی لەشی هەمووانی دابەزاندووە.
 
باسل شەهیب، خاوەن رێستۆرانتی دایەت لە سعودیە دەڵێ "ئێمە کالۆری هەموو خۆراکێکمان لێکداوەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین هیچ جۆرە چەورییەکیان تێدا نییە، تەنیا پێکهاتەی فرێش و سەوزەیان تێدایە".
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 4.7 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی کاریگەرییەکانی کێش زۆرییەوە گیان لەدەستدەدەن، 13٪ـی پێگەیشتووان و  یەک لەسەر پێنجی منداڵان کێشیان زۆرە؛ زۆریی کێش بەرپرسیاریشە لە رێژەی 28٪ـی نەخۆشییەکانی دڵ.
 
جگە لە زیانە تەندروستییەکان، قەڵەوی کاریگەریی زۆریشی لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ هەیە، بۆ نموونە، کەسێک کێشی زۆر بێت هەموو جۆرە جلێکی بۆ نابێت، ناتوانێت بە ئاسوودەیی قاچ لەسەر قاچی دابنێت، یاخود بخەوێت، زوو ماندوو دەبێت.