تاوەکو 2024 بەریتانییەکان بەبێ ڤیزە دەتوانن گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن


رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریداوە تاوەکو ساڵێکی دیکەش پێویست نەکات ئەوانەی وەڵاتینامەی بەریتانییان هەیە بۆ چوونە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داوای ڤیزە یان رێگەپێدان بکەن.
 
بڕیاربوو لە هاوینی ئەمساڵەوە بەریتانییەکان و هاووڵاتیی زۆر شوێنی دیکەی جیهان لەڕێگەی ماڵپەڕێکی یەکێتیی ئەوروپاوە داوای ڤیزەی ئەلیکترۆنی بکەن، بەڵام لە بڕیارێکی نوێی کۆمیسیۆنی کۆچبەری و کاروباری نێوخۆی یەکێتیی ئەوروپادا دەردەکەوێ کە بەریتانییەکان تاوەکو ساڵی 2024 ئازادن لە سەفەرکردن بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە.
 
لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی 2021دا نزیکەی 13 هەزار هاووڵاتیی بەریتانی لە یەکێتیی ئەوروپا داوای وەڵاتینامەیان کردووە. یەک لەسەر سێی ئەوانەش داوای پاسپۆرتی ئەڵمانییان کردووە.
 
لەدوای ئەڵمانیا فەرەنسا و سوێد و هۆڵەندا دێن. مەرجەکانی هەر وڵاتێکی ئەوروپا بۆ پێدانی وەڵاتینامە جیاوازن، بۆیە ئەو مەرجانە کاریگەرییان هەیە لەسەر بەرزی و نزمیی رێژەی ئەو بەریتانییانەی وەڵاتینامەیان وەرگرتووە. بۆ نموونە ئیسپانیا مەرجی ئەوەی هەیە کە دەبێ کەسەکە 10 ساڵ لەو وڵاتە ژیابێ و تێستی زمان و کولتووریشی بەسەرکەوتوویی کردبێ.
 
لە کۆبوونەوەی 20-12-2019ـی پەرلەمانی بەریتانیا بە دەنگی 358 پەرلەمانتار بەرامبەر 232 پەرلەمانتار چوونەدەرەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتیی ئەوروپا پەسندکرا، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر داخوازیی سەرۆکوەزیران لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2019  کە تێیدا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر رکابەرەکانیدا بەدەستهێنا.