پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووداو: ژمارەی گومانلێکراوە عێراقییەکان لە وڵاتەکەمان دوو هێندە بووە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلۆڤینیا بە رووداوی راگەیاند، پار 21 گومانلکراوی عێراقی لە وڵاتەکە هەبوون و بەراورد بە پێرار، ژمارەکە بۆ نزیکەی دوو هێندە زیاد بووە؛ "90٪ی ئەو تاوانانەی پار کراون لە شارەکان بوون."
رۆژی یەکشەممە، 4-2-2024، بەشی تاوانی پۆلیسی سلۆڤینیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2023 دا 21 گومانلێکراوی عێراقی لە سلۆڤینیا هەبوون، لەکاتێکدا ساڵی 2022، ژمارەکە 12 گومانلێکراو بوو، بەمە دەردەکەوێت کە ژمارەی گومانلێکراوە عێراقییەکان بۆ نزیکەی دوو هێندە زیاد بووە." هەروەها دەشڵێت، "66 پەنابەری عێراقی لە ناوچە جیاوازەکانی سلۆڤینیا نیشتەجێی هەمیشەیین و 24 پەنابەری دیکەی عێراقیش مافی مانەوەی کاتییان پێدراوە."
پۆلیسی سلۆڤینیا لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە 2023دا پۆلیس رووبەڕووی 54 هەزار و 200 تاوان بووەتەوە کە 90٪یان لە شارەکان بوون، لەکاتێکدا ساڵی پێشتر 49 هەزار و 745 تاوان بووە؛ بەمەش رێژەی تاوان 8.96٪ زیادیکردووە. هەروەها ، لەو 54 هەزار و 200 تاوانەی پار، لێکۆڵینەوەیان لەسەر 27 هەزار و 830 تاوانەوە کردووە، چونکە بەشێکی زۆری تاوانەکان پێویستیان بە لێکۆڵینەوە نەبووە یان بکەرەکەی دیاربووە."
پۆلیسی سلۆڤینیا جەختی لەوەش کردەوە: "سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2023دا تاوانی زیاتر کراون، بەڵام ئەگەر تێکڕای تاوان لە 10 ساڵی رابردوو وەربگرین، تاوانەکان کەم بوون. هەروەها، زیادبوونەکەی پاریش، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو تاوانانەی پەیوەندییان بە جۆرە جیاوازەکانی دزیکردن و زیانگەیاندن بووە بە موڵکی دەوڵەت و هاووڵاتییان، کە ئەو جۆرە تاوانانە نزیکەی 65%ی هەموو تاوانەکان پێکدەهێنن."
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی پۆلیسی سلۆڤینیا بۆ رووداوی ناردووە، پار 34 هەزار و 339 گومانلێکراو داوا کراون، "ژمارەی گومانلێکراوان زیاترە لە ژمارەی ئەو تاوانانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، چونکە دەکرێت بۆ هەر تاوانێک زیاد لە گومانلێکراوێک هەبێت".
لەو ژمارە گومانلێکراوانەی لەو وڵاتە هەبوون، 26 هەزار و 70یان هاووڵاتیی سلۆڤینیا ، 12یان لە هاووڵاتیی لیشتینشتاین، نەرویج و سویسرا، هەزار و 816یان هاووڵاتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بوون و شەش هەزار و 441یشیان هاووڵاتی دەرەوەی یەکێتییی ئەوروپا بوون.