لە چیلی 46 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی چیلی رایگەیاند، لانیکەم 46 کەس بەهۆی سووتانی دارستانەکانی نێوەڕاست و باشووری ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، گوتیشی، ئەگەری زیادبوونی ژماری قوربانییان هەیە.
 
ئاگرەکە لە ناوچەی گەشتیاری ڤالپارایسۆ تەشەنەی سەندووە. کارۆلینا تۆها، وەزیری ناوخۆی چیلی رایگەیاند، "بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان رۆژی شەممە نزیکەی 43 هەزار هێکتار دارستان لە سووتاوە، بە تایبەت کەناراوەکانی زەریای هێمن."
 
گاربیل بوریچ، سەرۆکی چیلی کە بە هێلیکۆپتەر بەسەر ئەو ناوچانەدا سووڕایەوە، رایگەیاند 40 کەس لە ئاگرەکاندا گیانیان لەدەستداوە، شەش کەسی دیکەش بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویان، بەڵام ئەو ژمارەیە زیاتر دەبێت.
 
لویس ڤیال، کە خانەنشینێکی تەمەن 69 ساڵە، لەبەردەم ماڵە سووتاوەکەی لە ناوچەی فیلا ئیندبێندنسیا لەسەر گردی فالناریسۆ بە گریانەوە گوتی، "لە ماوەی خولەکێکدا هەموو شتێکمان لەدەستدا."
 
ماکارینا ریبامونتی، سەرۆکی شارەوانی فینیا دیل مار، کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سانتیاگۆی پایتەختی چیلی دوورە، گوتی، " ئەمە کارەساتێکی بێ وێنەیە، ناوچەکە هەرگیز دۆخێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە."
 
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە شەوی رابردوو قەدەخەی هاتووچۆیان راگەیاند، مانویل مونسالفی، بریکاری وەزیری ناوخۆی چیلی رایگەیاد، قەدەخەکە بۆ ئەوەیە بە ئاسانی سووتەمەنی بگاتە تیمەکانی فریاکەوتن. هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی ناوچە ئاگرتێبەربووەکان کرا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
 
هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ئەمریکای باشوور دەگەڕێتەوە. رۆژی چوارشەممە تێکڕای پلەی گەرما لە نێوەڕاستی چیلی بە تایبەتی لە پایتەخت گەیشتە 40 پلەی سیلیزی. ئەمەش لە کاتێکدایە زانایان هۆشدارییان داوە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە جیهاندا ئەگەری روودانی کارەساتی سرووشتی وەک گەرمای زۆر و ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکات.
 
بە گشتی تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە 92 ئاگری چالاک هەبوون، لە نێویاندا 40 ئاگریان لە ژێر کۆنترۆڵدا بوون. زۆربەی ئاگرەکان لە ناوچەی فالباراسیۆ کەوتوونەتەوە.
 
رۆدریگۆ بولگار، کە ماڵەکەی لە ئێل ئۆلیڤار سووتاوە، گوتی، "دۆخەکە وەکو دۆزەخ وابوو، هەوڵمدا یارمەتی دراوسێکەم بدەم لە کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، ماڵەکەم لە دواوە ئاگری گرت."
 
تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە لە رۆژی هەینییەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان لە ناوچەکانی فالباراسیۆ، ئاوهیگینز، ماولێ، بیوبیو، لا ئاراوکانیا و لۆس لاگۆس، دەدەن. 
 
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، "پێشینە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان ناوچەی فالبارایسۆیە، بەو پێیەی لە ناوچەی ئاوەدانی نزیکە." ناوچەکە کە دەوڵەندە بە کشتوکاڵ و پیشەسازیی دروستکردنی شەراب، دەکەوێتە دووری نزیکەی 120 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای سانتیاگۆی پایتەختی چیلی. هەروەها بەهۆی نزیکی لە زەریای هێمن گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن. 
 
شەپۆلی گەرماکەی ئەمریکای باشوور، کە ئێستا چیلی و کۆڵۆمبیای گرتووەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەرجەنتین، پاراگوای و بەرازیلیش بگرێتەوە.