بەریتانیا: لەسەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان، ئێران رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی تاران، کە رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان دەکەنەوە لە بەرامبەر هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیکیان، ئەمەش لە دوای نوێترین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لەدژی حووسییەکانی یەمەن دێت.
شەوی شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا ناسراو بە "راف تایفوونس"، بە هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، چەندین پێگەی حووسییەکانیان کردە ئامانج کە ئەو گرووپە یەمەنییە، لەڕێگەی ئەو بنکانەوە، کەشتیەکانی نێو دەریای سووریان دەکەنە ئامانج، ئەمەش رۆژێک لەدوای ئەوەی ئەمریکا 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێرانی لە عێراق و سووریا کردە ئامانج لە وەڵامی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی سەر بنکەی تاوەر22ـی باکووری ئوردن، کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی.
لە کاتێکدا ئێران رەتیکردووەتەوە هیچ رۆڵێکی لەو هێرشانە هەبووبێت، بەڵام دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژی یەکشەممە، 04ـی شوباتی 2024، بە میدیای بەریتانیای راگەیاند، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوومەوە و گفتوگۆیەکی راشکاوانەمان هەبوو و لەوێ پێم گووتن کە ئەو ئەو گرووپانە، گرووپی ئێوەن و ناتوانن خۆتانیان لێبێبەری بکەن."
هەروەها کامیرۆن لە درێژەی قسەکانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، دەڵێت، "بێگومان ئێوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان سەربەخۆیانە کار دەکەن، بەڵام ئێوە دروستان کردوون و پاڵپشتیان دەکەن و هاوکاری داراییان دەکەن، چەکیان بۆ دابین دەکەن و لەکۆتاییشدا ئێوە رووبەڕووی بەرپرسیارێتیی دەکرێنەوە لەوەی ئەوان چ کارێک دەکەن".
هەرچەندە هەفتەی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا، ژمارەیەک لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە نێو لیستی سزاکانیانەوە، لەسەر ئەوەی پیلانی کوشتنی دوو رۆژنامەڤانیان داڕشتووە، کە لە لەندەن دەژین، بەڵام وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رەتیکردەوە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
لەبارەی ئەو هەنگاوە، دەیڤد کامیرۆن دەڵێت، "پۆلیس و هەواڵگری داوای ئەو هەنگاوەیان نەکردووە. هەرچەند سەرکردایەتیی ئێران بێزارکەر بێت، هیچ نەبێت لە رێگەی بوونی پەیوەندی دیپلۆماسییەوە، دەتوانین پەیامی راستەوخۆ بگەیێنینە ئێرانییەکان. پێویست ناکات داوا لە هاوتا ئەڵمانی یان فەرەنسییەکەم بکەم، ئەو کارە لەجیاتی من بکەن و خۆم دەیکەم."
درەنگی شەوی شەممە، بەریتانیا و ئەمریکا بەهاوبەشی بۆ سێیەمین 36 پێگەی حووسییەکانیان لە 13 ناوچەی جیاوازی یەمەن کردە ئامانج و رایانگەیاند، زیانێکی گەورەیان بۆ گرووپە یەمەنییە گەیاندووە.