سویسرا مافی پەنابەرێتی دەداتە دایکێک و چوار منداڵی کورد
رووداو دیجیتاڵ
سویسرا مافی پەنابەرێتی بە چوار منداڵی کورد و دایکیان دەدات کە لەدوای ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە چوونە ئەوروپا، رووبەڕووی ئەگەری دیپۆرتکردنەوە بۆ بولگاریا بوونەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو کارەی سویسرا بەرز دەنرخێنێت.
ئان سکێڵتن، ئەندامی لیژنەی مافەکانی منداڵانی سەر بە ئاژانسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ئێمە پێشوازی لەو کارە دەکەین لەلایەن سویسراوە کراوە بۆ رێگرتن لە دیپۆرتکردنەوەی منداڵەکان بۆ بولگاریا".
ئان سکێڵتن دەشڵێت، ئەو کەسانە لە ئەگەری گەڕاندنەوەیان بۆ بولگاریا، دەکرا رووبەڕووی "تووندوتیژی، کاری نامرۆڤانە و مامەڵەی نابەجێ" ببوونایەتەوە.
دوو لەو منداڵانە کە نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان دەکات تەمەنیان 10 ساڵ و 14 ساڵانە. دایکیشیان وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، قوربانیی تووندوتیژیی سێکسییە کە لە تەمەنی 11 ساڵیدا بە زۆر بەشوو دراوە و یەکەم منداڵی ئەو کاتە لە دایکبووە کە تەمەنی 14 ساڵ بووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دایکیان لە سەرەتای ساڵی 2017 لە سووریا هەڵاتووە و چوونەتە بولگاریا و لەوێ مافی پەنابەرێتییان پێدراوە. دوای ئەوە "مامەڵەی تووندوتیژانەی باوکی منداڵەکانی وایکرووە دایکەکە ناچاربێت لە شەقامەکان داوای خواردن بکات تاوەکو دوای سێ مانگ داوای پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا کردوە و دواجار لە ساڵی 2019 مافی پاراستنی پێدراوە".
دوای ئەوە، ژنە کوردەکە "لە ترسی هاوژینەکەی" منداڵەکانی بەرەو سویسرا بردووە بۆ ئەوەی لەوێ داوای پەنابەرێتی بکات، بەڵام شکستی هێناوە.
ئەو ژنە و منداڵەکانی لە مانگی ئابی 2020دا لەسەر فەرمانی وەزیری دەوڵەتی سویسرا بۆ کۆچبەران دیپۆرتی بولگاریا کراوەتەوە، چونکە لەوێ مافی پەنابەرێتی هەبووە و بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان، کۆچبەری دیپۆرتکراو رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت کە پێشتر مافی پەنابەرێتیی تێیدا وەرگرتوە؛ دواتر دایکەکە داوای هاوکاری لە لیژنەی مافەکانی منداڵی سەر بە ئاژانسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
لیژنەکە داوای لە بەرپرسانی سویسرا کردووە بۆ ئەوەی چەند رێکارێک سەبارەت بە وەستاندنی دیپۆرتکردنەوەی بۆ بولگاریا دەربکەن و سویسراش چاوی بە کەیسی دایک و منداڵەکان خشاندوەتەوە و مافی پەنابەرێتی پێداون.