گرانی وزە لە ئەوروپا گرانبوونی خۆراکی بەدوادا هاتووە

05-02-2023
لهۆن نەسرەدین
 بۆرییەکی گواستنەوەی گاز لە ئەوروپا
بۆرییەکی گواستنەوەی گاز لە ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وێستگەیەکی ئەڵمانی کە بە گاز کار دەکات و کارەبا بەرهەم دەهێنێت، 90٪ی پێویستییەکانی بۆ گاز کۆگا کردووە بێ ئەوەی پەنا بۆ رووسیا ببات.
 
ئەوەش واتە ئەو ترسەی کە زۆربەی ئەوروپییەکان لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا لێیان نیشتبوو کە ئەم زستانە بێ وزەی رووسیا پەکیان دەکەوێت، لای زۆر کەس نەماوە، بەڵام هەموو کەس هێندە گەشبین نییە. 
 
دیمۆستێنیس فلۆرۆس، شارەزایەکی وزەیە و دەڵێت: "یەکێتیی ئەوروپا سووتەمەنی دیزل لە وڵاتانی دیکە هاوردە دەکات، بەڵام ئەو وڵاتانە دیزلەکە لەو نەوتە بەرهەم دەهێنن کە لە رووسیا هاوردەی دەکەن، واتە بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا هەردووکیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، هێشتا پێویستیان بە نەوتی رووسیایە." 
 
لە نێوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2022 حکومەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا نرخی گازیان هەرزان کرد؛ هەنگاوێک کە بووە هۆی دابەزینی بەهای یەک مێگاوات کارەبا تێکڕا لە 200 یۆرۆوە بۆ 50 یۆرۆ، بەڵام دڵنیایی نییە لە زستانی داهاتوودا ئەو کارە بکرێت. 
 
هەر ئەوەیە کە بەرپرسانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای ناچار کردووە پەلە بکەن لە فرە رەنگکردنی سەرچاوەکانی وزە و راکێشانی هێڵی گاز و دابەشکردنی لە نێوانیان خۆیاندا؛ وەک ئەو هێڵەی کە بڕیارە گاز لە بولگاریاوە بگەیێنێتە سربیا.
 
ئالیکسندەر ڤوسیک، سەرۆکی سڕبیا رایگەیاند، "ئەم پرۆژانە گرنگن تاوەکو ئاییندەی وزەی وڵاتانی ئەوروپا دابین بکەین، گرنگە وزەی ناوچەی باڵکان و ناوچەکانی دیکەی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ گەرەنتی بکرێت." 
 
گرانی وزە، گرانبوونی خۆراکی بەدوادا هاتووە؛ تێکڕای هەڵاوسان لە یەکێتیی ئەوروپا 8.5٪ـە و بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، پێناچێت گەشەیەکی گەشبینانە لەبەردەم ئەوروپییەکاندا بێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە