رووداو دیجیتاڵ
نەهەنگێکی پێنج تۆنی بەهۆی قوتدانی بڕێکی زۆر پلاستیک لە کەناراوەکانی ولایەتی هاوای ئەمریکا مردار بوو، بەشی زۆری ئەوانەی لەنێو گەدەشی دەرهێنران، پلاستیک و نایلۆن بوون.
کریستی وێست، کارمەندی تاقیگەی ستراندینگی هاوای باسی ئەو پاشماوانە دەکات، کە لەگەدەی نەهەنگەکە دەرهێنراون، دەڵێ " بە لایەنی کەمەوە شەش جۆری جیاواز تۆڕی راوە ماسی و دوو جۆری نایلۆن بوون، ژمارەیەکی زۆر کەرەستەش لەنێو گەدەی نەهەنگەکەدا بوون، کە نەدەبوو لەوێ بن".
ساڵانە 8 ملیۆن تۆن پلاستیک فڕێدەدرێتە نێو زەریا و دەریاکان و ناوەناوەش هەڵمەتی جیاواز بۆ پاککردنەوەی ژینگە لە پاشماوەکان رادەگەیێندرێت، زاناکان دەڵێن 5.25 تریلیۆن پلاستیک لەنێو زەریاکاندا هەیە.
لە کەناراوی پامپنی فەرەنسا تیمێک سەرقاڵی پاککردنەوەی کەناراوەکەن لە پاشماوەکان، ئەو پاشماوانەی ساڵانە لە جیهاندا دەبنە هۆی مردنی زیاتر لە 100 هەزار گیانەوەری دەریایی.
ماتیو باربێڕ، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی فەرەنسا باس لەوە دەکات لەو شوێنانەی کە پاکیان کردوونەتەوە، "نزیکەی 10 بۆ 15 تۆن پلاستیکمان لە هەر هێکتارێک دەرهێنا".
هەموو ساڵێک 2.12 ملیار تۆن خاشاک بەرهەمدێت و 37٪ـی دەخرێتە ژێر خاک، 33٪ـی لەسەر رووی زەوی فڕێ دەدرێت، 11٪ـی دەسووتێنرێت و تەنیا 19٪ـی ریسایکل دەکرێتەوە.
خاشاک بەرپرسە لە بەرهەمهاتنی 5٪ـی گازی گەرمکەری جیهان. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق رۆژانە 30 هەزار تۆن خاشاک بەرهەمدەهێنێت و هیچ ژێرخانێکی گونجاویشی بۆ لەنێوبردنی نییە.
بانکی جیهانی پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2050، ساڵانە 3.40 ملیار تۆن خاشاک بەرهەم بێت؛ ئەگەریش وەک ئێستا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوا بەرپرس دەبێت لە دەردانی 10٪ـی گازی گەرمکەری جیهان، لە کاتێکدا سووتەمەنیی نەریتی بەرپرسە لە دەردانی 65٪ـی گازی گەرمکەری جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ