پووتین لەگەڵ سەرۆکی چین لە پەکین کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆلەمپیادی زستانە لە چین، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی ژینگ پینگ، هاوتا چینییەکەی لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.
 
کۆبوونەوەی پووتین و شی ژینگ پینگ لەچوارچێوەی دەستپێکردنی ئۆلەمپیادی زستانەی پەکین دێت کە  ئەمڕۆ 4-2-2022  بە رێوڕەسمێک دەستپێدەکات و لە رۆژی 20-2-2022دا کۆتایی دێت.
 
بڕیارە لەدوای کۆبوونەوەیان، ئەمشەو هەردوو سەرۆکی رووسیا و چین بەرەو یاریگای سەرەکی پەکین بڕۆن و بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆلەمپیادەکە بکەن.
 
کۆبوونەوەی پووتین و شی ژینگ پینگ لەدوای دوا کۆبوونەوەی راستەوخۆیان دێت کە لە ساڵی 2019دا ئەنجامیاندا و چاوەڕێ دەکرێت باس لە دوایین پێشهاتەکانی قەیرانی ئۆکراینا بکەن.
 
جگە لە پووتین، ئەمڕۆ سەرۆکی چین، بەبۆنەی ئۆلەمپیادەکەوە، پێشوازیی لە زیاتر لە 20 سەرکردە و سەرۆکی جیهان دەکات.ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەچوارچێوەی رەخنەی تەوندیان لە بارودۆخی دیموکراسی لە چین و " پێشێلکردنی" مافەکانی مرۆڤ و " خراپ مامەڵەکردن" لەگەڵ کەمینەی موسڵمانی ئیگۆرەکان، بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆلەمپیادەکە ناکەن.
 
بایکۆتکردنی بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا تەنیا لەڕووی دیپلوماسییە؛ چونکە تیمە وەرزشوانەکانیان بەشداریی لە یارییەکاندا دەکەن.
 
سەرۆکی چین لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020وە کە تێیدا پەتای کۆڤید-19 سەریهەڵدا و بڵاوبووەوە؛ ئیدی گەشتی دەرەوەی وڵاتی ئەنجامنەداوە.
 
بڕیارە لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆکی رووسیا و چین، راگەیێندراوی هاوبەش رابگەیێنن و تێیدا تێڕوانینی هەردوو وڵات لەسەر دۆسیەی ئاسایش و نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەردوولا بخرێنەڕوو.