جێگری گوتەبێژی سکرتێری UN بۆ رووداو: ئەو کاتەی بۆ هەڵبژاردنی سووریا دیاریکراوە هەڵدەسەنگێنین

دوێنێ کاژێر 11:52
سینان تونجدەمیر
فەرحان حەق، لەبارەی دیاریکردنی کات بۆ نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردن لە سووریا قسە بۆ رووداو دەکات
فەرحان حەق، لەبارەی دیاریکردنی کات بۆ نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردن لە سووریا قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ لایەنەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کاتە دەکەن کە بۆ نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردنی سووریا دیاریکراوە.
 
فەرحان حەق، لەبارەی دیاریکردنی کات بۆ نووسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردن لە سووریا، قسەی بۆ سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک کرد و گوتی: "ئێمە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان هەڵیدەسەنگێنین کە چ کاتێک باشە."
 
رۆژی یەکشەممە، 29-12-2024، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی ئیدارەی نوێی سووریا لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ میدیای سعودیە گوتی، ئامادەکردنی یەکەم رەشنووسی دەستووری سووریا لەوانەیە سێ ساڵی بووێت. گوتیشی، "لەوانەیە ساڵێکمان پێویست بێت بۆ ئەوەی سووریاییەکان گۆڕانکاری و پێشڤەچوون لە کەرتی گشتی دا ببینن." 
 
شەرعی تەمەن 42 ساڵ باسی ئەوەی کرد، پێویستە سیستمی یاسایی سووریا بونیادبنرێتەوە و سەرژمێرییەکی گشتیش بکرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی رەوا رێکبخرێت.
 
فەرحان حەق ئەمڕۆ (شەممە، 4-1-2024) لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو گوتی "گیێر پێدەرسن [نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا] لەگەڵ زۆر لایەنی جیاواز کۆدەبێتەوە، ئێمە لێدەگەڕێین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و کارەکەی بکات. ئەو بە راپۆرتێک ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار دەکاتەوە."
 
چوارشەممە (8-1-2025) ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی سووریا کۆدەبێتەوە، تێیدا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا راپۆرتێک لەبارەی رەوشی سووریا دەخاتەڕوو. یەکێک لەو بابەتانەی چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت؛ دەرهێنانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)ـیە لە لیستی تیرۆر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە