راوێژکاری نەمسا: بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتەکان دەست لە کار دەکێشمەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری نەمسا رایگەیاند، پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات نەگەیشتە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە دەست لە پۆستی راوێژکاری وڵاتەکەی و سەرۆکی پارتی گەلی نەمسا دەکێشێتەوە.
رۆژی شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2024، کارل نیهامەر، راوێژکاری نەمسا پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر شێوازی چارەسەری کێشە سەرەکییەکان". دەشڵێت، "هاوپەیمانێتی نێوان پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات کۆتاییان پێهات."
راوێژکاری نەمسا ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای وەستانی گفتوگۆکان، ئەم هەنگاوانە دەگرمەبەر، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست لە هەردوو پۆستی راوێژکاری نەمسا و سەرۆکایەتیی پارتی گەلی نەمسا دەکێشمەوە."
ئەم هەنگاوەی راوێژکاری نەمسا دوای ئەوە دێت کە پارتی لیبڕاڵی نەمسا لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات کشایەوە.
پێکهێنانی حکومەت بەبێ پارتی براوە
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە نەمسا بەڕێوەچوو. هەمان رۆژ میدیای وڵاتەکە بڵاویکردەوە، پارتی ئازادی 29٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە پارتێکی راستڕۆی دژەکۆچبەرە. پارتی گەلی نەمساش توانی 26.2٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت کە پارتێکی راسترۆی میانڕۆیە.
پارتی سۆسیال دیموکراتیش کە پارتێکی چەپی میانڕۆیە، 20.4٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هەروەها پارتی سەوزیش کە لە هاوپەیمانیی پارێزگاران پێکدێت، 8.6٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، پارتی لیبڕاڵی نەمسا، بە 18 کورسی، پارتی گەلی نەمسا بە 51 کورسی و پارتی سۆسیال دیموکرات بە 41 کورسی لە گفتوگۆدابوون بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە، بەڵام گفتوگۆی سێ لایەنە شکستیهێنا دوای ئەوەی دوێنێ پارتی لیبڕاڵ کشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئامانجی ئەم سێ پارتە لە پێکهێنانی حکومەت پەراوێزخستنی پارتی ئازادی نەمسا بوو لە پێکهێنانی حکومەت، کە پارتێکی راستڕۆیە و 57 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
پەرلەمانی نەمسا لە 183 کورسی پێکدێت. پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 92 کوورسییە.
پارتی ئازادی نەمسا چەند جارێک بەشداری پێکهێنانی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام پێش ئەم هەڵبژاردنە، هیچ جارێک نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.