رووداو دیجیتاڵ
ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، رەخنە لە قسەکانی ئیلۆن مەسک و پشتگیریکردنی ئاشکرای بۆ پارتی راستڕۆی تووندڕۆی ئەی ئێف دی دەگرێت و دەڵێت قسەکانی "بێسەروبەرن".
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین مرۆڤی ئێستای جیهان، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسە، لە زنجیرەیەک پۆستدا هێرشی کردە سەر چەندین سەرکردەی ئەورووپی، ئەوەش ناڕەزایی لە کیشوەرەکەدا دروستکرد.
مانگی رابردوو، مەسک گوتبووی، شۆڵتز "گەمژەیەکی ناکارامە" و سەرۆکی ئەڵمانیاش "ستەمکارێکی دژە دیموکراسییە."
سەبارەت بەو قسانەی مەسک، شۆڵتز بە گۆڤاری شتێرنی گوت: گرنگە پێش هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی شوبات "هێمنی بپارێزرێت".
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی، "لە ئەڵمانیا، هەموو شتێک بەپێی خواستی هاوڵاتییانمان بەڕێوەدەچێت نەک لێدوانە بێسەروبەرەکانی ملیاردێرێکی ئەمریکی."
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "سەرۆکی ئەڵمانیا ستەمکارێکی دژە دیموکراسی نییە و ئەڵمانیا دیموکراسییەکی بەهێز و جێگیرە. گرنگ نییە بەڕێز مەسک چی دەڵێت."
شۆلتز باسی لەوەش کرد، "پشتگیریی بەردەوام و ئاشکرای مەسک بۆ پارتی ئەی ئێف دی زۆر کێشەدارترە لەم سووکایەتییانە."
راوێژکاری ئەڵمانیا پێیوایە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (ئەی ئێف دی)، کە لە راپرسییەکاندا لە پلەی دووەمە لە دوای پارێزگارەکانەوە، "بانگەشە بۆ پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ رووسیای پووتین دەکات و دەیەوێت پەیوەندییە ئەتڵەسییەکان لاواز بکات".
پارتە توندڕۆ راستڕۆکە ئەم هەفتەیە دانی بەوە دانا کە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ مەسک دا هەیە، کە بڕیارە 9ـی کانوونی دووەم گفتوگۆیەک لەسەر ئێکس لەگەڵ ئەلیس ڤایدل، سەرکردەی ئەی ئێف دی بکات.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ خاوەنی تێسلا و سپەیس ئێکس بکات، شۆلتز گوتی: "پێموانییە پێویستم بە بەدەستهێنانی رەزامەندیی بەڕێز مەسک بێت. ئەوە بۆ کەسانی دیکە جێدەهێڵم."
راوێژکارەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە ئاداری 2022 لە کردنەوەی کارگەیەکی تێسلا لە هەرێمی براندنبێرگ لەگەڵ مەسک کۆبووەتەوە لە کاتێکدا لقی هەرێمی ئەی ئێف دی لە دژی کردنەوەی کارگەکەی مەسک بوو.
ئەڵمانیا تاکە وڵات نییە بووبێتە ئامانجی مەسک لە ئەورووپا، کیشوەرێک کە زۆربەی حکومەتەکانی بەدەست زیادبوونی پۆپۆلیزم و راستڕۆوە توندڕۆکانەوە گیریان خواردووە.
هەفتەی رابردوو، مەسک داوای لابردنی کیەر ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای کرد و داوای ئازادکردنی تۆمی رۆبنسنی هاندەری توندڕۆویی بەریتانی کرد.
ملیاردێرەکە لە مانگی کانوونی یەکەم، گفتوگۆی لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کرد، کە کەسایەتییەکی سەرەکیی راستڕۆ توندڕۆکانە؛ یەکێتی ئەورووپای بە نادیموکراسی وەسفکرد و دادوەرانی بە دیکتاتۆر ناوبرد کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رۆمانیایان بە گومانی دەستێوەردانی رووسیا هەڵوەشاندنەوە.
مەسک هەروەها پشتیوانی لە جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەکات، کە راستڕۆترین سەرکردەیە لە ساڵی 1945ـەوە دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتبێتە دەست.
پسپۆران پێیانوایە، قسە سیاسییەکانی مەسک پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانییەوە هەیە.
ئیلان کاپوور، مامۆستای زانکۆی یۆرک لە شاری تۆرۆنتۆی کەندا دەڵێت: بۆ مەسک و ترەمپ، "دیموکراسی، گفتوگۆ، ناکۆکی، سیستمە باشەکانی دەوڵەت هەموویان رێگرن لە بەردەم کاروکاسبی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ