رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، ئۆکراینا بە مووشەکی ئەتاکمسی دوورمەودای ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر خاکەکەی. بەڵێن دەدات وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ساڵی رابردوو رێگەی بە کیێڤ دا ئەو چەکە دوورهاوێژانە دژی رووسیا بەکاربێنێت، لە هەنگاوێکدا کە کرێملین وەک هەڵکشانێکی مەترسیداری ملمانێکەی وەسفکرد کە نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند: "سێیی کانوونی دووەم، لە خاکی ئۆکرایناوە هەوڵدرا بە بەکارهێنانی مووشەکی ئەتاکمسی دروستکراوی ئەمریکا هێرش بکرێتە سەر هەرێمی بێلگۆرۆد."
وەزارەتەلە هەروەها گوتی: "ئەم کارانەی رژێمی کیێڤ کە لە لایەن گەورە رۆژئاواییەکانییەوە پشتگیری دەکرێت، بە تۆڵەسەندنەوە وەڵامدەدرێتەوە."
بە گوتەی وەزارەتەکە، مووشەکەکان خراونەتە خوارەوە.
پێشووتر وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، 8 مووشەکی ئەتاکمسی خستووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی باس لەوە بکات کەی و لە کوێ بووە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ساڵی رابردوو هەڕەشەی کرد بە مووشەکی بالیستی دەنگبەزێن هێرش بکاتە سەر نێوەندی شاری کیێڤ، ئەگەر ئۆکراینا بەردەوام بێت لە لێدان لە خاکی رووسیا بە چەکی دوورهاوێژی رۆژئاوایی.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاش لە چاوپێکەوتنێکدا مانگی رابردوو گوتی، "زۆر بە توندی" دژی بەکارهێنانی ئەم چەکانەیە لە لایەن ئۆکرایناوە و گوتی "زیادبوونی گرژییەکانی" لێ دەکەوێتەوە.
کیێڤ و مۆسکۆ هەردووکیان یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هێرشی کوشندەیان کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل.
هێرشێکی رووسی بۆ سەر گوندێکی ناوچەی خارکیڤی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا ئەمڕۆ پیاوێکی 74 ساڵانی کوشت.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی شەممە رایگەیاند، گوندی نادیای ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە.
بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، مۆسکۆ لە ساڵی 2024ـدا نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە پێشڕەوی کردووە بۆ نێو خاکی ئۆکراینا، لە کاتێکدا سوپای کیێڤ بەدەست کەمیی سەرباز و شەکەتبوونەوە دەناڵێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ