بە ڤیدیۆ.. لە ئەمریکا تۆمەتبارێک لەکاتی خوێندنەوەی حوکمەکەی هێرش دەکاتە سەر دادوەر و لێی دەدات

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکا تۆمەتبارێک لەکاتی خوێندنەوەی حوکمەکەی و کاتێک پۆلیس دەیەوێت کەلەپچە لەدەستی بکات، هێرش دەکاتە سەر دادوەر و بە سووکی برینداری دەکات.
 
رووداوەکە رۆژی چوارشەممە (3-1-2024) روویدا، کاتێک تۆمەتبارێک لە ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا لەکاتی خوێندنەوەی حوکمەکەی لە دادگەی ناوچەی کڵارک، هێرشی کردە سەر دادوەر و لێی دا.
 
دادوەرەکە ناوی ماری کەی هۆڵسۆسە و بەگوێرەی پۆلیسی ناوچەی کڵارک لە نیڤادا چەند شوێنێکی دەموچاوی بریندار بووە، بەڵام برینەکانی سووکن و رەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە.
 
حوکمدراوەکە ناوی دیۆبرا دیلۆن رێدنە و تەمەنی 30 ساڵە، لەسەر شەڕکردن دادگایی دەکرا، کاتێک هێرشی کردە سەر دادوەرەکە، دواتر لەلایەن پۆلیس و چەند کەسێکی دیکەوە رێگەی لێگیرا و وەستێنرا.
 
کامێرای نێو دادگەکە ڤیدیۆی ئەو ساتەی تۆمار کردووە کاتێک دادوەر حوکمی دیۆبرا دەدات و پۆلیس دەیەوێت کەلەپچە بخاتە دەستییەوە، دیۆبرا ئەوەی پێ قبووڵناکرێت و هێرش دەکات.
 
دیۆبرا، هەروەک پۆلیس باسیدەکات، جگە لە تاوانی شەڕکردن لە دەرەوە، تاوانی هێرشکردنە سەر دادوەریشی درایە پاڵ و ئێستا لە زیندانی کڵارک دەستبەسەرە.
 
سیزار ئەلماسی، پارێزەری دیۆبرا ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات.
 
بەرپرسانی دادگەی کڵارک رایانگەیاندووە، دیۆبرا هیچ کێشەیەکی دەروونی نییە و ئامادەبووە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت. ئەو جارێکی دیکەش بە تاوانی شەڕکردن ماوەیەک خرابووە زیندان و دواتر ئازادکرابوو.