لە فینلەندا پێڵاو لە قاوە دروستدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەر 300 گرام قاوە، دەتوانرێت 21 کوپ قاوە ئامادە بکرێت، بەڵام جیاواز لە خواردنەوە، کۆمپانیایەکی فینلەندی لە هەر 300 گرام قاوەدا جووتێک پێڵاو دروستدەکات.
 
بەگوێرەی رێکخراوی قاوەی جیهانی، فینلەندییەکان زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دیکە قاوە دەخۆنەوە، هەربۆیە لەو وڵاتەدا بەشێکی زۆری پاشماوەی قاوە هەیە.
 
کاتێک قاوە دەبێتە پاشماوە، لە زەویدا شیدەبێتەوە و گازی میسان دەردەدات، کە یەکێکە لە گازە گەرمکەرەکانی گۆی زەوی؛ مەزەندە دەکرێت ساڵانە شەش ملیۆن تۆن پاشماوەی قاوە فڕێبدرێت.
 
جێس تران، یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێنس دەڵێت، "کاتێک دەستمانپێکرد، زانیمان کە تەنیا 5%ی پاشماوەی قاوە لە جیهاندا بەکاردەهێندرێتەوە. پاشماوەی قاوەش بڕێکی زۆری گازی میسان بەرهەمدەهێنێت، کە 32 جار لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن زیاتر ژینگە پیس دەکات".
 
بۆ دروستکردنی هەر جووتێک پێڵاو 300 گرام پاشماوەی قاوە، کە یەکسانە بە 21 کوپ قاوە، بەکاردەهێندرێت.
 
پاشماوەی قاوەکە، لە کارگەدا لە پرۆسەیەکی پیشەسازیدا لەگەڵ پاشماوەی پلاستیکدا تێکەڵدەکرێت، بۆئەوەی لاستیکێکی هاوشێوەی قوماشی لێ دروستبکرێت، قوماشەکە لە دروستکردنی پێڵاودا بەکاردەهێندرێت.
 
سۆن چوو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی رێنس ئاماژە بەوە دەکات، "لە بازاڕدا، بەرهەمی باش زۆر بوو. ئەوەی ئێمە وەکو کێشە دەیبینین ئەوەیە کە ئەو بەرهەمانە بۆ گەنجان دروستنەکراون. ئێمە دەمانەوێت براندێک بین کە بەرهەمی باش دروستبکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا شتێکی جوان بێت و بەرگەگیراو بێت، بۆئەوەی خەڵکی بەکاریبهێنن".
 
کۆمپانیاکە لە ساڵی 2017 دامەزراوە و لە ساڵی 2019دا پێنج هەزار جووت پێڵاوی بە بڕی 550 هەزار دۆلار فرۆشتووە.
 
ئەم پێڵاوانەی کە کۆمپانیاکە دروستیدەکات دەتوانێت بەرگەی ئاو بگرێت، هەربۆیە نرخی پێڵاوەکان لەچاو پێڵاوی ئاساییدا گرانە. لە دوایین بەرهەمیاندا یەک جووت پێڵاو بە 109 دۆلار فرۆشراوە.